Rewa Mahmut Hasan
25 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2016
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق فاروق قایماقچی ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی عێراق لە شەڕی دژی داعش و ئاشکراشی دەکات تورکیا یەکێکە لە کاریگەرترین وڵاتانی هاوپەیمانێتی دژی داعش.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قایماقچی ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا لە سەرەتای دامەزراندنی هاوپەیمانی دژی داعشەوە ئەندامێکی کاریگەر بووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە تورکیا یەکێکە لەو پێنج ئەندامەی گرووپی کار کە رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن لە بەرامبەر رێگریکردن لە تیرۆریستە بیانییەکان.
قایماقچی ئاماژەشی بەوە دا کە داعش نەک تەنیا بۆ عێراق و سووریا و لیبیا بەڵکو هەڕەشەیە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، هەر بۆیە تورکیا رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەدا.
ناوبراو هەروەها دەڵێت هەتا ئێستا رێگری لە هاتنە ناوەوەی ٤٠ هەزار گومانلێکراوی داعش بۆ ناوەوەی تورکیا کراوە و گوتی: "تورکیا تا ئێستا سێ هەزار گومانلێکراوی داعشی دەستگیر کردووە و سنوورداشی کردوونەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تورکیا ئاسانکاری کردووە بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ ئەو فڕۆکانەی کە چەک و تەقەمەنیان بۆ عێراق گواستۆتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش کە ژمارەی ئەو گەشتە ئاسمانیانەش تا ئێستا گەیشتووەتە دوو هەزار و ٧٠٠ گەشت".
لەلایەکی ترەوە وەزارەتی تورکیا یارمەتی سەربازیی و پشتگیری پێشمەرگەی داوە و هاوکات چەندین جار داوای مەشقپێکردنی پۆلیسی عێراقی کردووە.
تورکیا لە ئێستادا پشتگیری لە بەرنامەیەکی ئامادەکراوی ناتۆ دەکات کە مەبەست لێی زیاد کردنی توانستی بەرگری عێراقە.
قایماقچی باسی لەو هێرشانە کرد کە رۆژی رابردوو لە عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی فەللوجە دەستی پێ کردووە و ئاشکرای کرد کە دەبێت بەزوویی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجامی لێ بکەوێتەوە.