Heman Hussein Yaseen
14 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2021
هەولێر - AA
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت بە جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت سەردانی گەورە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا کە لەنێوان سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت بەڕێوەچوو، ژمارەیەک تەوەر خراونەتەڕوو لەوانە پرسی رێککەوتننامەی شنگال.
راگەیەنراوەکەی بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەداوە کە لە دیدارەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕکراوە لەبارەی بارودۆخی سیاسیی و دواپێشھاتەکانی عێراق و دانوستاندنەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت هەروەها لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێجیرڤان بارزانی کۆبووەوە و بەپێی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی ھەولێر-بەغدا و گفتوگۆی چارەسەرکردنیان و ھەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بووودجەی ٢٠٢١ی عێراقدا تاوتوێکراوە و ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، ھەروەھا دۆخی سیاسیی و ئەمنی و ئابووریی عێراق، پەتای کۆڤید-١٩، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، دۆخی ئاوارە و پەنابەران، مەترسیی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و کردارەکانی داعش و دۆخی ناوچەکەیان بەگشتی خراونەتە بەر باس.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت هەروەها لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی-دا جەختیکردەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بە دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، جێنین پلاسخارت هەروەها جەختیکردەوە لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال کە دەبێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ دەڤەرەکە.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن لەسەر سێ تەوەر کە بریتیی بوون لە تەوەری کارگێڕی، ئەمنیی و ئاوەدانکردنەوە کە تیایدا لە رووی کارگێڕییەوە رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێککارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.
ھەورەھا لە تەوەرێکی دیکەدا هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە تەنھا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی و ھەواڵگریی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناو شارەکە لە ئەستۆ بگرن و ھەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری قەزای شنگال دوور بخرێنەوە، ھاوکات بەھێزکردنی ئاسایش لە قەزاکەدا لە رێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشی کە لەو ھێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی ئاوارەی کەمپەکان لە خەڵکی قەزاکە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆکبوون لەسەر کۆتاییھێنان بە بوونی پەکەکە لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەورووبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەربەون ھیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.
ھەروەها لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی قەزاکەش، ھەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە پێکبھێنن بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێیی لە پارێزگای نەینەوا کە ئاست و وردەکارییەکانی ئەرکەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دیاریی دەکرێت.
ئەگەرچی رێککەوتنەکە ھەر ئەو کاتە سیفەتی بەپەلەی پێدرا بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام بە کردەیی دوای نزیکەی ١٢٠ رۆژ ھێشتا رێککەوتننامەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە و یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەو دۆخە ململانێی و ناکۆکیی نێوان ھێزەکانی سیاسی و چەکدارەکان لەگەڵ دەستوەردانەکانی دەرەکی.
ھەفتەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و لە میانی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا گوتی: "تا ئێستا رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە بەو شێوەیە کە پێشتر رێککەوتن بووە لەنێوان بەغدا و ھەولێر کە چۆن ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، جێبەجێ نەکراوە. ئەو لایەنانەی کە پێویست بوو ئەو شوێنانە بەجێبھێڵن، ھێشتا لەوێ ماون و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانەی کە لە کەمپەکاندا دەژین، تا ئێستا ئەنجام نەدراوە. کەواتە ئێمە بە جددی ھێشتا چاوەڕێین رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئێمە بە داخەوە کاتێکی زۆرمان لەدەست چوو، بەڵام جێبەجێ نەکراوە".