Heman Hussein Yaseen
07 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ئەمڕۆ، حەفتی کانوونی یەکەم بە مەبەستی ئەنجامدانی دوو کۆبوونەوەی جیای سەربازیی و ھەواڵگریی، شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، بەسەرۆکایەتی ئەمینداری گشتیی وەزارەت، فەریق جەبار یاوەر مەندە بەرەو بەغدا بەرێکەوت.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە بڕیارە لەگەڵ گەیشتنی شاندەکە، دوو کۆبوونەوەی جیای ھەواڵگریی و سەربازیی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگای ھەواڵگریی سەربازیی عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسێۆنە ھاوبەشەکان بەڕێوەبچێت.
ئاماژەی بەوەیش داوە لە کۆبوونەوەیەکی دیکەیشدا کە بڕیارە لە بارەگای وەزارەتی بەرگریی عێراق بەڕێوەبچێت دۆخی ئێستای ناوچەکە و مەترسییەکانی تیرۆریستان، ھەنگاوەکان لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە، بۆ بەیەکەوە رۆڵ بینین لە راوەدوونان و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش گفتوگۆ دەکرێت، هەروەها کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەمینداری گشتیی وەزارەت و ئەمینداریەتی گشتیی وەزارەتی بەرگریی عێراق بەڕێوەبچێت.
جەختیش لەوە کراوەتەوە کە کۆبوونەوەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەردەوامی ھەیە و ھەردوولا بە ئامانجی بنبڕکردنی تیرۆریستان و پڕکردنەوەی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە لە گفتوگۆدان، ھاوکات تاوتوێکردن و بەکردەییکردنی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی نێوان پێشمەرگە سوپا لەئەولەویەتی گفتوگۆکاندایە.