Zana Natık Kerem
24 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2022
ھەولێر ــ AA
شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراقی، بەسەرۆکایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری گەیشتە گوندی ئیسڵاح سەربە ناحیەی جەلەولا باکووری پارێزگای دیالە، ئەوەیش دوای ئەوەی شەوی رابردوو، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر گوندەکە و بەھۆیەوە شەش کەس کوژران و ھەشتی دیکەیش برینداربوون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردووە کە فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری بە یاوەری ھەریەک لە فەرماندەی ھێزە وشکانییەکان، فەریق روکن قاسم محەمەداوی و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، عەلی فازڵ عیمران گەیشتووەتە گوندی ئیسڵاح.
باسی لەوەش کردووە کە شاندەکە دوای گەیشتنی بۆ گوندەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەکان کۆبووەتەوە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، زانیاری لەبارەی ھێرشەکەی شەوی رابردووی تیرۆریستانی داعش بۆسەر گوندی ئیسڵاح دراوە بە شاندەکە.
شەوی رابردوو، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە گوندی ئیسڵاح باکووری پارێزگای دیالە و لە ئاکامدا، شەش کەس کوژران و ھەشتی دیکەیش برینداربوون.