توركيا, جيهان, عێراق

سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی سوپاسی تورکیا دەکات

سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێم ئەرمان تۆپچو، جووڵەی ھاتوچۆیان لە سنوورەکانی نێوان ھەرێم و تورکیا دوای داخرانی فڕۆکەخانەکان لە عێراق و ھەرێم تاوتوێ کرد.

Heman Hussein Yaseen  | 23.06.2025 - نوێکردنەوە : 24.06.2025
سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی سوپاسی تورکیا دەکات

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق بڵاویکردووەتەوە کە سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێم ئەرمان تۆپچو کرد و دواین پێشھاتەکانی دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێکردووە.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێم بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێم ئەرمان تۆپچو کردووە و تێیدا دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و مەترسی و لێکەوتەکانی، ھەروەھا جووڵەی ھاتوچۆیان لە سنوورەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دوای داخرانی فڕۆکەخانەکان لە عێراق و ھەرێم تاوتوێ کرد.

ئاماژە بەوەشکراوە کە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیای کردووە بۆ ئەو ئاسانکارییەی بۆ گەڕانەوەی گەشتیاران و ھاووڵاتییانی ھەرێم و عێراق لە خاڵە سنوورییەکان پێشکەشی دەکەن. ھەر لەمبارەیەوە بەتایبەتی ستایشی ڕۆڵی کونسوڵی گشتیی تورکیای لە ھەرێمی کوردستان و تیمەکەی کردووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە کونسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەرێم، ئامادەییی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیای بۆ پێشکەشکردنی ھەموو ئاسانکارییەک بۆ گەشتیاران و ھاووڵاتییان و سەردانیکارانی ھەرێم لە خاڵە سنوورییەکان دووپات کردووەتەوە، ھەروەھا ستایشی دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی لە خاڵە سنوورییەکان کردووە کە تەواوی ئامادەکارییان بۆ ئەو دۆخە کردووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن