Zana Natık Kerem
04 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی گەیشتە قەزای شنگال سەربە پارێزگای نەینەوا .
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی بە یاوەری ھەریەک لە وەزیری تەندروستی عێراق ساڵح مەهدی حەسناوی، پارێزگاری نەینەوا عەبدولقادر دەخیل، سەرۆکی دەستەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان سەعد ئەمین جبووری، سەرۆکی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا، بریکاری وەزیری پلاندانان ماهر حەماد جوهان، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، قەیس خەڵەف محەمەداوی و ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و بەرپرسان، گەیشتووەیە قەزای شنگال.
چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە سەردانەکەی بۆ قەزای شنگال، لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێکھاتەکانی قەزاکە کۆبێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، حکوومەتی فێدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە، ڕێککەتنامەیەکیان واژوو کرد.
بەپێی ڕێککەوتننامەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فێدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.
بەڵام بەرپرسانی باڵا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان-عێراق چەندینجار ڕایانگەیاندووە کە تا ئێستا ڕێککەوتننامەکە جێبەبەجێ نەکراوە، چونکە ھێشتا شنگال لە دەستی کۆمەڵێک ھێز و چەکداردایە کە ڕێگربوونە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال.
بەردەوام جەخت لەوە دەکرێتەوە کە تاکە ڕێگا بۆ ئاساییکردنەوەی قەزای شنگال، ئەوەیە کە گرووپە چەکدارە نایاساییەکان بەتایبەتیش ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە قەزاکە بچێتە دەرەوە و ئیدارەی شنگالیش ڕادەستی خەڵکی ڕەسەنی قەزاکە بکرێت.