Zana Natık Kerem
23 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2017
بەغدا ــ AA
بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە كردەكانی رفاندن و سووكایەتیكردن و هەروەها هێرشكردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی لە مووسڵ، سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بڕیاردا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە حەیدەر عەبادی بڕیاری داوە لیژنەیەكی لیكۆڵینەوە پێكبهێنێت بۆ ئەوەی لە كردەكانی رفاندن و سووكایەتیكردن و هێرشكردن بكۆڵێتەوە كە گروپە چەكدارەكان ناوی هێزەكانی ئەمنی و حەشدی شەعبییان بەكار ھێناوە وهێرشيان كردووە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی لە هەندێك لە ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە هەندێك بەمەبەستی شێواندنی وێنەی راستەقینەی هێزەكانی ئەمنی كە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە پارێزگای نەینەوا خۆیان كردووەتە قوربانی، گرتەی ڤیدیۆی نەشیاوی هێزەكانی ئەمنی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاو دەكەنەوە.
بەپێی بەیاننامەكە سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتی كردووەتەوە كە پێویستە مافەكانی مرۆڤ رەچاو بكرێت و پێشێل نەكرێت و دەبێت فەرماندە مەیدانییەكان رۆڵی خۆیان بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەوانە ببینن كە هەوڵ دەدەن سووكایەتی بە هێزەكانی ئەمنی بكەن یان هێرش بكەنە سەر هاووڵاتییان و مافەكانیان.
رۆژی هەینی رابردوو، چالاكوانان گرتەیەكی ڤیدیۆییان لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكردەوە كە تیایدا ئەوە دەردەكەوێت هێزەكانی ئەمنی لە تەنیشت ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانیان لە چوار كەس دەدەن دواتر لەسێدارەیان دەدەن كە پێشبینی دەكرێت سەربە داعش بن.
لەلای خۆیەوە ئەفسەر لە سوپای عێراق، ملازمی یەك سەمیر داود موحسن بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوە سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆییە كە رۆژی هەینی رابردوو لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاو كراوەتەوە.
سەمیر داود موحسن گوتیشی: "گەورە ئەفسەران لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە ئێستادا لە وردەكاری ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەكۆڵنەوە كە رۆژی هەینی رابردوو لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاو كراوەتەوە و ئەوە دەردەكەوێت كە ژمارەیەك لە هێزەكانی ئەمنی، چوار كەس ئەشكەنجە دەدەن و دواتر لەسێدارەیان دەدەن".
رۆژی هەینی رابردووش، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغدا داوای لە حكوومەتی عێراق كرد لێكۆڵینەوە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا بكات كە تیایدا ئەو دەركەوێت كە ژمارەیەك لە هێزەكانی ئەمنی لە مووسڵ چوار كەس ئەشكەنجە دەدەن و دواتر لەسێدارەیان دەدەن كە پێشبینی دەكرێت سەربە داعش بن.