Sarmand Hameed
16 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، دەستگیرکردنی بکوژانی شرۆڤەکاری ئەمنیی، هیشام هاشمی راگەیاند.
مستەفا کازمی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "گفتی خۆمان بردەسەر و بكوژانی هیشام هاشمی ـ مان دەستگیركرد".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایشی کردووە کە پێشتریش گرووپەكانی مەرگ و بكوژانی ئەحمەد عەبدولسەمەد ـ یان رووبەڕووی دادگا كردەوە و سەدان تاوانباری دیکەیان دەستگیركردووە.
مستەفا کازمی وەک وەڵامێک بۆ ئەوانەی رەخنە لە حکوومەتەکەی دەگرن، نووسیوویەتی: "رەخنەگرتن مافی هەمووانە، بەڵام ئێمە بۆ ریكلام و موزایەدە كارناكەین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لە چەسپاندنی مافەکان کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "بەپێی توانا ماف دەچەسپێنین و خزمەت دەكەین".
لە شەشی تەمووزی ٢٠٢٠، شرۆڤەکاری ئەمنیی عێراقی، هیشام هاشمی لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی زەیونە لە بەغدا تیرۆرکرا.