Zana Natık Kerem
16 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاند كە پێویستە هەوڵی زیاتر بخەنەگەڕ لە پێناو بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای میسان رۆژهەڵاتی عێراق.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ چوارشەممە مستەفا كازمی سەردانی پارێزگای میسان-ی كردووە و لە میانیدا لەگەڵ پارێزگاری میسان، عەلی دەوای و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان كۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە كۆبوونەوەكەدا، عەلی دەوای بەوردی رەوشی خزمەتگوزاری و ئەمنی لە پارێزگای میسان بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی خستووەتەڕوو.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە مستەفا كازمی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی بۆ پارێزگای میسان نیشانداوە و رایگەیاندووە كە دانیشتوانی پارێزگای میسان قوربانییەكی زۆریان بۆ عێراق داوە و شایانی ئەوەن خزمەتگوزارییان لەسەرجەم بوارەكاندا پێشكەش بكرێت و گوتی: "پێویستە هەوڵی زیاتر بخەینەگەڕ لە پێناو بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای میسان، متمانەمان بە هۆزە رەسەنەكانی میسان هەیە كە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لەسەرتاسەری پارێزگاكەدا، یارمەتی حكوومەت دەدەن".
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی گوتیشی: "خراپی پلاندانان، وای كردووە پڕۆژە خزمەتگوازرییەكان لە پارێزگاكە كەڵەكەبن و جێبەجێ نەكرێن و پێویستە تێمێكی شارەزا بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لەو پارێزگایە پێكهێندرێت".
مستەفا كازمی راشیگەیاندووە "مایەی قبوڵكردن نییە کە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە ساڵی 2008وە لە پارێزگای میسان جێبەجێ نەكراون و كەڵەكەبوون، ئەوەیش تاوانێكە دەرهەق بە مافی هاووڵاتییان لە بواری خزمەتگوزارییدا".
بەپێی راگەیەندراوەكە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی باسی لەوە كردووە كە پێویستە بە ستراتیجییەكی سەردەمیانە، رەوشی خزمەتگوزاری لە پارێزگای میسان باش بكرێت و جەختی كردووەتەوە كە حكوومەت دەستەوەستان ناوەستێت لەبەرامبەر ئەو كەس و لایەنانەی كە بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەكانەوە دەكەن و بەپێی یاسا راودەنرێن و دەستگیردەكرێن.
ئاماژەی بەوەیشداوە كە پاریزگاری میسان، عەلی دەوای خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ میسان نیشانداوە و رایگەیاندووە كە هاووڵاتییانی میسان ماوەیەكی زۆرە چاوەڕوانی ئەم سەردانە دەكەن.
عەلی دەوای راشیگەیاندووە كە چاوەڕوان دەكەن حكوومەتی فیدرال، كێشەی پڕۆژە خزمەتگوزارییە كەڵەكەبووەكانیان بۆ چارەسەر بكات، هەروەها دەرفەتی كاریش بۆ دانیشتوانی میسان برەخسێنێت و ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگاكە بەدی بهێنێت.
لە لایەكی دیكەوە سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ میسان لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندە باڵاکان كۆبوویەوە.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە مستەفا كازمی لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ میسان بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سۆمەر و ژمارەیەك لە فەرماندەی باڵای ئەمنی كۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە مستەفا كازمی داوای لە هێزە ئەمنییەكان كردووە كە هەوڵی زیاتر بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەسەرتاسەری پارێزگای میسان بدەن و گوتی:
"فەرماندە ئەمنییەکانی پارێزگای میسان نوێنەرایەتی خۆیاب و هۆزەكانیان ناكەن، بەڵكو نوێنەرایەتی دەوڵەت دەكەن، چونكە ئەوە رەوشی ئەمنی لە میسان سەقامگیرتر دەكات، هەروەها متمانەی هاووڵاتییان بە هێزە ئەمنییەكان پتەوتر دەكات".
باس لەوەشكراوە كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی داوای كردووە گرنگی بەو هێزانە بدرێت كە راسپێردراون بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران و بە باشیش مەشقیان پێ بكرێت و جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە نابێت رێگە بدرێت هێرش بكرێتە سەر دامەزراوەكانی دەوڵەت و داوای كردووە كە چەكی هێزە ئەمنییەكان لە خۆپیشاندانەكاندا، چەكی دان بەخۆداگرتن بێت و دەبێت بە هەستكردن بە بەرپرسیارییەتی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەكاندا بكرێت.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە مستەفا كازمی بە فەرماندە ئەمنییەكانی راگەیاندووە "ئەمڕۆ دەرفەتێكی باش هاتووەتە پێش بۆ سەركەوتن و لە میانی جێبەجێكردنی ئەركەكانتاندا رووبەڕووی ئەستەنگی دەبنەوە، بەڵام هەوڵەكانتان لە بەرژەوەندی منداڵەكانماندایە، هەروەها لە پێناو ئەوەدایە كە هیوایەك بۆ خەڵكی دروست بكەین و بەبێ هیچ دوودڵییەک رووبەڕووی تەحدییەكان دەبینەوە".
بەپێی راگەیەندراوەكە مستەفا كازمی داوای كردووە، سەرجەم ئەو كەلوپەلە نوێیانەی كە پێویستن بۆ فەرماندە ئەمنییەكان لە پارێزگای میسان دابین بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە، ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.