سياسەت, جيهان

كۆنگرەی رۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق و راوێژكاری ئەڵمانیا

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی: "دەمانەوێت پەیوەندییەكی پتەو لەگەڵ ئەڵمانیا دابمەزرێنین".

Zana Natık Kerem  | 20.10.2020 - نوێکردنەوە : 21.10.2020
كۆنگرەی رۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق و راوێژكاری ئەڵمانیا

Arbil

هەولێر ــ AA

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەرلین لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێركڵ كۆبوویەوە و دوای كۆبوونەوەكەیش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەش بۆ هەردوولا ساز كرا.

لە راگەیەندراوێكدا نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە كە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، مستەفا كازمی ئامانجی سەردانەكەی بۆ بەرلین خستووەتەڕوو و گوتی: "هاتووم بۆ بەرلین تا پابەندبوون و خواستی عێراق لە دامەزراندنی پەیوەندییەكی پتەو لەگەڵ ئەڵمانیا دووپات بكەمەوە، جگە لەوەیش هاتووم تا سوپاسی حكوومەتی ئەڵمانیا بكەم كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، یارمەتی عێراقی داوە".

گوتیشی: "خواستمان هەیە كە لە چوارچێوەی پەیمانی ناتۆدا، هاوكاری ئەمنی و سەربازیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە تایبەتیش لە بواری مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق درێژەیان هەبێت".

بەپێی راگەیەندراوەكە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی گوتی: "بەهۆی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەسەر كەرتی تەندروستیی و ئابوورییدا، هەمووان بە قۆناغێكی سەختدا تێپەڕ دەبێن، بۆیە دەمانەوێت لە بوارەكانی تەندروستیی و ئابووریدا سوود لە پاڵپشتیی و شارەزایی ئەڵمانیا وەربگرێن".

مستەفا كازمی ئەوەی وەبیرهێناویەوە كە ئەڵمانیا لە بواری مرۆیی و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكاندا پاڵپشتی عێراقی كردووە و رایگەیاند کە ژمارەیەك پرسی دیكە هەن كە دەیانەوێت ئەڵمانیا هاوكارییان بكات لەوانە پرسی پەنابەران و ئاوارەكان لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەی چەكدارە دەستگیركراوە بیانییەكانی سەربە داعش.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەشێكی قسەكانی بۆ چاكسازیی ئابووریی لە عێراق تەرخان كرد و گوتی: "دەستمانكردووە بە بەرنامەی چاكسازیی و نوێكردنەوەی سیستەمەكانی ئابووری و دارایی و زۆر بەلامانەوە گرنگە كە لەم بوارەدا، ئەڵمانیا پاڵپشتییمان بكات".

گوتیشی: "لە دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی ئەو نەخشەڕێگایەی كە كۆمپانیای سیمنزی ئەڵمانی لە بواری نۆژەكردنەوەی كەرتی كارەبا لە عێراقدا جێبەجێی دەكات نزیكبووینەتەوە".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەیش لە عێراق، مستەفا كازمی گوتی: "دەمانەوێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، ئەڵمانیا پاڵپشتیمان بكات، چونكە وەك بەڵێنمانداوە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا ئەنجام دەدەین".

هاوكات ئاژانسی فەرمی هەواڵیی عێراق بڵاوی كردەوە كە راوێژكاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێركڵ لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی ئابووریی و لەوبارەوە پاڵپشتیی ئەڵمانیای بۆ حكوومەتی عێراق دووپاتكردووەتەوە.

باسی لەوەشكردووە كە ئەنگێلا مێركڵ ئاماژەی بەوەداوە، هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بڕیارە لە حوزەیرانی داهاتوودا لە عێراق ئەنجام بدرێت، گرنگە و دەبێتە مایەی گێرانەوەی متمانەی گەلی عێراق بە پڕۆسەی سیاسیی.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın