Haydar Karaalp
07 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2021
بەغدا - AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن کە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆسەر ماڵەکەی ئەنجامدرا، رزگاری بوو.
لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ماڵەکەی مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بە درۆن هێرش کراوەتە سەری و کازمی بەبێ هیچ زیانێک رزگاری بووە و باری تەندروستیی باشە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی لە ناوچەکەدا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند ''من باشم و لەگەڵ خانەوادەکەمم. داوا لە هەمووان دەکەم ئارامبن و دان بە خۆیاندا بگرن''.
لە لایەکی دیکەوە، پشتیوانانی حەشدی شەعبی و هاوپەیمانیی فەتح نزیک لە ئێران کە ناڕازین لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، بەردەوامن لەسەر خۆپیشاندانەکەیان لە ناوچەی سەوزی بەغدا.
لە ئاکامی پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە پێنجی تشرینی دووەمدا، خۆپیشاندەرێک کوژرا.
دوای ئەو رووداوە گرژیی زیادی کرد و قەیس خەزعەلی، سەرکردەی عەسائیبی ئەهلی حەق کە هێزێکی میلیشیای شیعەیە سەردانی ناوچەکەی کرد و لێدوانی هەڕەشە ئامێزی دژبە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دا، هەروەها دوێنێ لە پرسەی ئەو خۆپیشاندەرە کوژراوەیشدا، لێدوانی هەڕەشە ئامێزی دژبە کازمی بەکارهێنایەوە.
هاوکات هەریەک لە سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، هادی عامری و ئەبو ئەلا وائیلی کە سەرکردەیەکی میلیشیا شیعەکانە بەرپرسیارێتی گرژییەکانیان خستە ئەستۆی حکوومەت و رەخنەی توندیان لێ گرت.
هادی عامری باسی لەوە کرد کە بکوژی خۆپیشاندەرەکە بێ سزا نامێنێتەوە.