Zana Natık Kerem
03 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی نێردەی ناتۆ لە عێراق، خۆزێ ئەنتۆنیۆ ڕایگەیاند، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ستراتیژی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە پەسەندکراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە فەرماندەی نێردەی ناتۆ لە عێراق، خۆزێ ئەنتۆنیۆ و شاندی یاوەری.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ئەرکەکانی نێردەی ناتۆ لە عێراق خراوەتەڕوو، ھەروەھا باس لە ھەماھەنگییەکانی نێوان نێردەی ناتۆ و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کراوە بە تایبەتی لە بوارەکانی ڕاھێنان، ڕاوێژکردن و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی نێردەی ناتۆ لە عێراق، خۆزێ ئەنتۆنیۆ ڕاپۆرتی کۆتایی ھەڵسەنگاندنی ھەڕەشەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە عێراق پێشکەشی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی نێردەی ناتۆ لە عێراق، خۆزێ ئەنتۆنیۆ ڕایگەیاند، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ستراتیژی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە پەسەندکراوە و ئاماژەی بەوەیشداوە کە لیژنەیەکی باڵایان بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی پێکھێناوە لەپێناو ھەماھەنگیکردن و چڕکردنەوەی ھەوڵەکانی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان.