Zana Natık Kerem
13 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند کە کارەساتەکەی نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە زیقار و بەرلەوەیش کارەساتەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە ئەنجامی گەندەڵیی و خراپی بەڕێوەبردن روویانداوە و جەختیشی کردووە لەوەی کە دەبێت پێداچوونەوە بۆ ئادای دامەزراوەکان بکرێت.
بەرھەم ساڵح تویتێکی سەبارەت بە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نێو نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای زیقار کە تایبەتە بە تووشبووانی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی: "کارەساتەکەی نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە زیقار و بەرلەوەیش کارەساتەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە ئەنجامی گەندەڵیی و خراپی بەڕێوەبردن روویانداوە کە یاری بە ژیانی عێراقییەکان دەکەن و رێگرن لە بەردەم ئەنجامدانی چاکسازی بۆ ئادای دامەزراوەکان."
راشیگەیاندووە: "لێکۆڵینەوە و سزادانی کەسانی کەمتەرخەم، دەبنە مایەی سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییان و دەبێت پێداچوونەوە بۆ ئەدای دامەزراوەکان و پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان بکرێت."
شەوی رابردوو ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای زیقار کە تایبەت بوو بە تووشبووانی ڤایرۆشی کۆرۆنای نوێ کەوتووە و بەپێی دوایین ئامارەکان ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەھۆی ئاگرکەوتنەوەکە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٤١ کەس.