Zana Natık Kerem
11 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2023
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید رایگەیاند "دەبێت زمانی سازان و لێکتێگەیشتن، بکەینە بناغەی کاری ھاوبەشمان".
عەبدولـلەتیف رەشید لە میانی رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی-دا کە ئەمڕۆ لە دەڤەری بارزان بەڕێوەچوو، راگەیاند "پێویستە کار بکەین، بۆ ئەوەی مێژووی سەرکردەکانمان بە زیندوویی بھێڵینەوە".
ئاماژەی بەوەیشدا کە کاتی ئەوە ھاتووە، ھەمووان ھەوڵبدەن بە تەبایی ئەم قۆناغە تێپەڕێنن و گوتی: "دەبێت زمانی سازان و لێکتێگەیشتن، بکەینە بناغەی کاری ھاوبەشمان".
ئاماژەی بەوەیشدا کە ئێستا دەرفەتێکی باش ھاتووەتە ئاراوە و پێویستە ھەموومان ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە و گفتوگۆی ئاشتییانە ئەنجام بدەن و ناکۆکییە سیاسییەکان بەلاوە بنێن بۆ ئەوەی بتواندرێت ژێرخانی وڵات ببوژێندرێتەوە.
گوتیشی: "ئێستا حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیازی جیددیان ھەیە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان".
ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی، ھەروەھا بە ئامادەبوونی دەیان کەسایەتی سیاسیی کوردستانی، عێراقی، بیانی، باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان کرایەوە.