Zana Natık Kerem
24 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2020
بەغدا - AA
سەرکۆماری عێراق، بهرههم ئەحمەد ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی کرد لە وەزیری تەندروستی و ژینگە، جەعفەر سادق عەللاوی.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە دیدارەکەدا، باس لە پلانی وەزارەتی تەندروستی کراوە لە گرتنەبەری رێوشوێنەکانی خۆپاراستن و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بهرههم ئەحمەد ساڵح جەختی لە گرنگی رووبەڕوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییە گواستراوەکان و ئامادەکاری پێویست بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق کردەوە، ھەروەھا دووپاتی لە پێویستی پێشخستنی سەنتەر و دامەزراوەکانی تەندروستی و گرتنەبەری گشت رێوشوێنی خۆپارێزی کردەوە کە دەبنە هۆی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان.
لەلای خۆیەوە وەزیری تەندروستی، جەعفەر سادق عەللاوی باسی لە پلانەکانی وەزارەتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەنگاوەکانی پاراستنی هاووڵاتییان لە تووشبوون بەو پەتایە کرد لەپێناو دابینکردنی ژینگەیەکی شیاو و گونجاو.