Zana Natık Kerem
28 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2023
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید ڕایگەیاند کە داعش تاوانە قێزەوەنەکانی دژبە ھاووڵاتییانی عێراق ئەنجامداوە و بەتایبەتی بەرامبەر بە ئێزیدییەکان، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک ناوچەی کولتووریی لە عێراق لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لەناوبراون.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف ڕەشید پێشوازیی کردووە لە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی، حوسێن ئیبراھیم تەھا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا، سەرکۆماری عێراق جەختی کردووەتەوە لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی و ئاماژەی بەوەداوە کە بە پێویستە کاری ھاوبەش و ھەماھەنگیییەکانی نێوان عێراق و ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی پتەوتر بکرێن، ھەروەھا پشتیوانی خۆیشی نیشانداوە بۆ سازکردنی کۆنفرانسی ئیسلامی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ڕەفتارە نەشیاوانەی بەرامبەر بە ئیسلام دەکرێن و ڕایگەیاندووە "پێویستە ھەنگاوی جیددی بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان بەرامبەر بە ئیسلام لە وڵاتانی جیھان بگیرێتەبەر، چونکە ئایینی ئیسلام زۆر جیاوازە لە تیرۆر".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە عەبدولـلەتیف ڕەشید لە دیدارەکەدا خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە لەبارەی کردنەوەی نوێنەرایەتی ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی لە بەغدا کە ڕەنگدانەوەی ھەڵوێستی عێراقە وەک ئەندامێکی چالاک و کاریگەری ڕێکخراوەکە و بەھۆی ئەو کولتوورە ئاینییە گەورەیەی کە ھەیەتی و گوتوویەتی: "پێویستە ڕێکخراوەکە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە ڕەتکردنەوەی ھزری توندڕەوی و تیرۆر".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرکۆماری عێراق، ھەروەھا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی کردووە لە ڕێگرییکردن لەدووبارەبوونەوەی ئەو پێشێلکارییەی کە لە سوید و دانیمارک ڕوویاندا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە عەبدولـلەتیف ڕەشید لە کۆبوونەوەکەدا، جەختی کردووەتەوە کە عێراق پلانی داناوە لەوەی بابەتێک بخرێتە نێو پڕۆگرامی خوێندندا کە داوای یەکڕیزی و لێبوردەیی و پتەوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و مافەکانی مرۆڤ و ڕەتکردنەوەی ئەو بیرۆکانە دەکات کە پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی ئیسلامن و ئاماژەی بەوەیش کردووە کە داعش تاوانی قێزەونەکانی دژبە ھاووڵاتییانی عێراق ئەنجامداوە و بەتایبەتی بەرامبەر بە ئێزدییەکان، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک ناوچەی کولتووریی لە عێراق لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لەناوبراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لای خۆیەوە، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی، حوسێن ئیبراھیم تەھا، خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ بەغدا و ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی ھەوڵدەدات پەیوەندی و ھەماھەنگییەکانی لەبارەی پرسە ھاوبەشەکان لەگەڵ عێراق پتەوتر بکات.