18 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2020
بەغدا - AA
سوپای عێراق رایگەیاند کە سەرکردەیەکی داعش لە باکووری بەغدا کوژراوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە هێزەکانی لەمیانی بۆسەیەکدا، بەناو بەرپرسی سەربازی رێکخراوی داعش بەناوی "ئەبو حەفسە"یان لە ناوچەی موسەننا باکووری بەغدا کوشتووە.
باسی لەوەشکردووە، هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بە پشت بەستن بە زانیاری ورد کە سەرچاوەکەی ئاشکرانەکراوە، بۆسەکەیان بۆ ئەو سەرکردەی داعش لە ناوچەکدا دانابوو.
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕێکی سەخت دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژماردەکرا و داعش لە ھاوینی ٢٠١٤دا کۆنتڕۆڵی کردبوو
وێڕای ئەوەی ھێزەکانی عێراق داعشیان لە ناوچەکان دەرکردووە و شارەکانیان ئازادکردووه، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تا ئێستا بەردەوامن لە ھێرشەکانیان لە گوندەوارەکانی پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار.