Zana Natık Kerem
15 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2024
هەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەمەبەستی بەشداریكردن لە ٥٤هەمین كۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس، گەیشتە سویسرا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە سوودانی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیھانی داڤۆس زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک، سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا و جیھان ئەنجام دەدات.
باسی لەوەش كردووە كە لە دیدار و كۆبوونەوەكانی محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای جیهان لە داڤۆس، تیشك دەخرێتە سەر هاوبەشی ئابووری و هاوکاریی عێراق لە بونیادنانەوەی.
کۆڕبەندەکەی ئەمساڵ لە داڤۆس لە ژێر ناونیشانی بونیادنانەوەی متمانە دەبەسترێت و چەندین تەوەری تایبەت بە وزە، سیستەمی بانکی، ژیری دەستکرد و چەند پرسێکی سیاسی ھەنووکەیی، گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەمە ٥٤ھەمین کۆڕبەندی ئابووری جیھانی لە داڤۆس دەست پێ بکات و تا ١٩ ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. نزیکەی ١٠٠ سەرۆکی وڵاتان و سەرۆکوەزیران و میوانی فەرمی ئامادەی کۆڕبەندەکە دەبن، ھاوکات نزیکەی دوو ھەزار و ٨٠٠ کەسایەتی سیاسی، ئابووری، زانستی، کەسایەتییە جیھانییەکان بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کراون.