Rewa Mahmood Hasan
22 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2021
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ ٢٢ی حوزەیران لە شاری سلێمانی و لە سەرجەم سایلۆکاندا، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستی پێ کرد و لەمبارەیەوە وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم سەردانی سایلۆی پیرەمەگرونی کرد و لە نزیکەوە لە میکانیزمی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کۆڵییەوە و گوێی لە داواکاری جووتیاران گرت.
کەمال موسلیم لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەدا کە ئەمساڵ بەهۆکاری جیاواز، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران درەنگ کەوتووە و گوتی: ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق دوای پشکنین بۆیان ئەو جۆرە گەنمانە دیاریی دەکەین کە وەریان دەگرین، دوای ئەوەی کە بڕە گەنمەکە رەوانەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەکرێت، بڕە پارەکە دابین دەکرێت، پێشتر ٢٦٠ ملیار دینار هاتووە و ئێستا ٣٠٠ ملیار دینار ماوە تاوەکو رەوانە بکرێت و دەست بکرێت بە دابەشکردنی بەسەر جووتیاراندا. واتە بڕە پارەی گەنمی ساڵی ٢٠٢٠ هەمووی هاتووە، لەئێستاشەوە ئێمە لە هەوڵداین تاوەکو برە پارەی جووتیاران بۆ ئەمساڵیش هیچ دوا نەکەوێت".
یەکێک لە جووتیاران بەناوی سامان عەبدوڵرەحمان کە لە سایلۆی پیرەمەگرون ئامادەبوو، گلەیی ئەوەی دەکرد کە حکوومەت بە نرخێکی زۆر کەم گەنمەکانیان لێ دەکرێت، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی کەمبارانییەوە چەندێتی و چۆنیەتی گەنم دابەزیەوە و گوتی: ''بەرهەمی گەنم لەمساڵدا بەهۆی کەم بارانییەوە بۆ نیوە دابەزیوە، من ساڵانی پێشتر بڕی ١٠٠ تۆن گەنمم دەدوورییەوە، بەڵام لەمساڵدا تەنیا ٥٠ تۆنم لەهەمان زەویدا بەدەست خستووە".
لە بەشێکی تری قسەکانیدا سامان عەبدوڵرەحمان باسی لەوە کرد کە جیاوازی هەیە لەو نرخەی کە هەرێم دەیدات لەچاو حکوومەتی فیدڕالیدا و گوتی: "داوا دەکەین کە حکوومەتی عێراقی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ خەرج بکات، ئێمە یەک تۆن کیمیایی بە ملیۆنێک و ٥٠ هەزار دیناردەکڕین، حکوومەتی هەرێم گەنمەکانمان لێوەرناگرێت، ئەوان دێن یەک تۆن گەنمی دەرەجە سێ بە ٣٥٠ هەزار دینار وەردەگرێت، دەرەجە یەک بە ٤٧٥ هەزار دینار وەردەگیرێت لە هەرێم، بەڵام حکوومەتی عێڕاقی بە ٥٦٠ هەزار لێمان وەردەگرێت، بەڵام وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ ٢٢ رۆژ دواکەوت، پێشتر لە یەکی مانگدا وەردەگیرا، بەڵام ئەمساڵ ٢٢ی حوزەیران وەردەگیرێت، لەکاتێکدا ئەمساڵ لە مانگی ئایارەوە دەستمان کردووە بە دوورینەوەی گەنم بەهۆی کەمبارانییەوە".