سلێمانی.. ده‌ركه‌وتنی مین به‌هۆی لافاوه‌وه
Arbil
سلێمانی - AA
له ئه‌نجامی بارانبارین و لافاوی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو، له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاوازی پارێزگای سلێمانی مین و ته‌قه‌مه‌نی جۆراوجۆری مه‌ترسیدار ده‌ركه‌وتن كه ئاو له شوێنی خۆیان هه‌ڵیكه‌ندوون و گواستوونیه‌ته‌وه.
تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری مین له سلێمانی، دوای ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن هاووڵاتیانی ناوچه‌كانه‌وه به‌ده‌میانه‌وه چوون و ده‌ستبه‌جێ ئه‌و مین و ته‌قه‌مه‌نیه مه‌ترسیدارانه‌یان به سه‌لامه‌تی و بێ هیچ زیانێك له‌ناوبرد.
به مه‌به‌ستی پاراستنی هاووڵاتیان له مین و پاشماوه‌كانی ته‌قه‌مه‌نیه نه‌ته‌قیوه‌كان، تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌یه‌رایه‌تی كاروباری گشتیی مین هه‌رده‌م له كاردان و گیانفیداییانه كاره‌كانیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
باران بارینی به‌ڵێزمه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو كه لافاوی به‌دواداهات، بووه هۆی ده‌ركه‌وتن و شوێنگۆڕكێی چه‌ندین مین و ته‌قه‌مه‌نی مه‌ترسیدا.
له نزیك گوندی زییه سه‌ربه ناحیه‌ی زه‌لان له قه‌زای شارباژێڕ، دوو مینی دژه كه‌سی كه به‌هۆی لافاوه‌وه ده‌ركه‌وتبوون، له‌لایه‌ن تیمی ته‌قاندنه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری مینی سلێمانی به سه‌ركه‌وتوویی له‌ناوبران.
كاری دۆزینه‌وه و له‌ناوبردنی ئه‌م مینانه له‌سه‌ر زانیاری هاووڵاتیان ئه‌نجامدرا، كه له ڕێی هێڵی گه‌رمی ژماره ١٨٢ه‌وه ئاگاداری ده‌زگاكه‌یان كردبووه‌وه.
سه‌رۆك تیمی ته‌قاندنه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری مینی سلێمانی، جه‌میل كه‌مال میرزا له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وردەكارییه‌كانی پرۆسه‌كه‌ی خسته‌ڕوو و، ڕایگه‌یاند: "ئێمه وه‌ك تیمی ته‌قاندنه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری مینی سلێمانی له ڕێی هێڵی گه‌رمی ژماره ١٨٢ی ده‌زگای گشتیی كاروباری مین له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه ئاگاداركراینه‌وه له بوونی دوو مینی دژه كه‌سی، كه به‌هۆی باران بارین و لافاوی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له نزیك گوندی زییه سه‌ربه ناحیه‌ی زه‌لان له قه‌زای شارباژێڕ ده‌ركه‌وتوون كه ئاو هێنابوونی".
جه‌میل باسی له‌وه كرد كه دوای وه‌رگرتنی زانیارییه‌كان، به ئاماده‌بوونی دڵنیایی جۆری سه‌ردانی گونده‌كه‌یان كردووه و لێكۆڵینه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه بۆ مینه‌كان، پاشان هه‌ر ئه‌مڕۆ كاری له‌ناوبردنیان بۆ ئه‌نجامدان. جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه به سه‌ركه‌وتوویی ته‌قینه‌وه‌كه ئه‌نجامدراوه و هه‌ر ئه‌مڕۆش كۆتاییان به كاره‌كان هێناوه.
سه‌باره‌ت به‌و شوێنه‌ی مینه‌كانی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه، جه‌میل ڕایگه‌یاند: "ئه‌و شوێنه پێشتر سه‌رو كێڵگه مین بووه، به‌ناوی كێڵگه‌ی مینی 'كۆته‌ره سووتاو' كاری پاكسازی مینی بۆ كراوه و كێشه‌ی نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌م مینانه له ده‌ره‌وه‌ی سنووری كێڵگه مینه‌كه بوون".
هه‌روه‌ها جه‌میل زیاتر ڕوونی كرده‌وه كه ناوچه‌كه پێشتر هه‌مووی شه‌ڕگه بووه و مینڕێژ كراوه، تیمه‌كانی مینلابه‌ری ده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان كاری پاكسازییان بۆ كێڵگه‌كه كردووه. گوتیشی: "له ده‌ره‌وه‌ی كێڵگه مینه‌كان باران و لافاو له شوێنی خۆیان ده‌ریهێناون و ده‌ركه‌وتوون. كاتێك هاووڵاتیان مینه‌كانیان بینیوه له ڕێی هێڵی گه‌رمی ١٨٢ه‌وه ئاگاداری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری مینی سلێمانیان كردووه، ئێمه‌ش وه‌ك تیمی ته‌قاندنه‌وه كاتێك ئاگادار كراینه‌وه، هه‌ر ئه‌مڕۆ به هاوكاری دڵنیایی جۆری هه‌ستاین به چاره‌سه‌ر كردنی مینه‌كان و كاری له‌ناوبردنمان بۆ ئه‌نجامدان".
یه‌كێكی دیكه له‌و شوێنانه‌ی به‌هۆی لافاوه‌وه مین و ته‌قه‌مه‌نی مه‌ترسییداری تێدا ده‌ركه‌وتبوو ناحیه‌ی به‌رده قاره‌مان بوو، كه هه‌رزوو تیمه په‌یوه‌ندیداره‌كان چاره‌سه‌ریان كردن.
له‌و باره‌یه‌وه سه‌رۆك تیمی ته‌قاندنه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری مینی سلێمانی جه‌میل ڕایگه‌یاند: "له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری چالاكییه‌كانه‌وه ئاگادار كراینه‌وه كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یاریده‌ده‌ری ئاسایاشی به‌رده‌قاره‌مان په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردوون له‌باره‌ی بوونی چه‌ند ته‌قه‌مه‌نیه‌ك له شیوێكدا له سنووری ناحیه‌ی به‌رده قاره‌مان كه لافاو هێناونی، ئه‌مانه كۆمه‌ڵیك ته‌قه‌مه‌نین كه به‌هۆی باران و لافاوی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو ده‌ركه‌وتوون".
گوتیشی: "له ڕۆژانی ڕابردووش‌دا، له سنووری شارباژێڕ له گوندی زییه سه‌ربه ناحیه‌ی زه‌لان چه‌ند مینێك كه لافاو هێنابوونی، چاره‌سه‌رمان بۆ كرد، دوێنێش له سنووری گوندی باڕۆیی له قه‌زای بازیان له شیوێكدا گولـله هاوه‌ن ده‌ركه‌وتبوو كه لافاو هێنابوونی و ته‌قه‌مه‌نی ترسناك بوون. وه‌ك تیمی ته‌قاندنه‌وه چاره‌سه‌رمان كرد (له‌ناومان بردن). ئه‌مرۆش لێره‌ین. ڕووماڵی ئه‌م شوێنه‌مان كردووه، ئه‌وه‌ی مه‌ترسی بووه دوورمان خستووه‌ته‌وه و هاستاوین به چاره‌سه‌ر كردنی ته‌قه‌مه‌نییه‌كان".
سه‌رۆك تیمی ته‌قاندنه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری مینی سلێمانی، په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی هاووڵاتیان كرد كه خۆیان به‌دوور بگرن له نزیك بوونه‌وه و ده‌ستكاری كردنی ئه‌و مین و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی به‌هۆی لافاوه‌وه ده‌ركه‌وتوون و، گوتی: "وه‌ك ده‌زگای گشتیی كاروباری مین، په‌یاممان بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به گشتیی ئه‌وه‌یه له هه‌ر شوێنێك مین و ته‌قه‌مه‌نیان به‌دی كرد، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری نه‌كه‌ن و لێی نزیك نه‌بنه‌وه، با ده‌ستبه‌جێ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه و یان له ڕێگه‌ی هێڵی گه‌رمی ژماره ١٨٢ه‌وه ده‌زگای گشتیی كاروباری مین ئاگادار بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بكه‌ن و هاووڵاتیان دووربن له مه‌ترسیی".
ڕاشیگه‌یاند: "مه‌رج نییه ئه‌و مین و ته‌قه‌مه‌نییانه ته‌نیا له به‌رزاییه‌كان و ناوچه شاخاوییه‌كان بن، ئیستا بۆ نموونه ئه‌م شوێنه‌ی ئێمه‌ی لێین شی‌و و دۆڵێكه نزیكه‌ی ١٠٠ مه‌تر له ڕێگای سلێمانی-كه‌ركووك دووره، به‌ڵام مین و ته‌قه‌مه‌نی تیادا ده‌ركه‌وتووه".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
