Rewa Mahmood Hasan
26 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
لە ژمارهیهك بەنزینخانەی شاری سلێمانی نرخی هەر لیترێک بەنزین ٥٠ دینار دابەزینی بەخۆوە بینی و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دابەزینە پەیوەندی بە دابەزینی نرخی نەوتی خاوەوە هەیە لە بازارەکانی جیهاندا.
سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، کەریم عەلی کەریم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا، ئەوان وەک ئەنجوومەن هیچ جۆرە بڕیارێکی لەو چەشنەیان نییە تایبەت بە دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی و ئاشکرایکرد ئەوە تەنیا بازرگانهکانن کە دەتوانن مامەڵە بە دابەزاندنی نرخەوە بکەن.
- "دابەزینی نرخی نەوت پەیوەست نییە بەبڕیاری هیچ کەس و لایەنێکەوە"
کەریم عەلی کەریم ئاماژەی بەوەشدا چەند هۆکارێک هەن وا دەکەن نرخی سووتەمەنی بەتایبەت بەنزین دابەزین بەخۆوە ببینێتت کە ئەویش زیادکردنی تەندەری سووتەمەنییە بۆ بازرگانەکان کە ئەوەش وا دەکات ژمارەی بازرگانانی سووتەمەنی زیادبکەن و لەئەنجامدا کێبڕکێ بکەوێتە نێوان کۆمپانیاکانی سووتەمەنییەوە تا زیاتر نرخەکەی دابەزێنن.
کەریم عەلی کەریم راشیگەیاند هەرکەس و لایەنێک دابەزینی نرخی سووتەمەنی وابەستە بکات بە بڕیاری خۆیەوە دوورە لەراستییەوە و ئەو دابەزینە پەیوەندی بە هیچ بڕیارێکەوە نیە. تەنیا کێبڕکێی بازرگانەکانە بۆ دابەزاندنی نرخ.
- لاپەڕەی تایبەتی پارێزگای سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە
لاپەڕەی تایبەتی پارێزگای سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە دوای کۆبوونەوەی پارێزگای سلێمانی، هەڤال ئەبوبەکر لەگەڵ لەگەڵ نوێنەری بەنزینخانەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ نرختی لیترێک بەنزین ٥٠ دینار دابەزی.
لە هەواڵەکەی پاریزگای سلێمانیدا کە دواتر پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر خۆیشی لە پەرەی تایبەتی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە "پاش کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ نوێنەری بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ نرخی بەنزین ٥٠ دینار بۆ ههر لیترێك دابەزی".
پارێزگاری سلێمانی سوپاسی نوێنەری بەنزینخانەکانی کرد و پشتیوانی خۆی بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان دووپات کردووەتەوە.
-"دابەزینی نرخی بەنزین پەیوەستە بە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان"
لەلایەکی دیکەوە، ئهندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، رێکەوت زەکی کە پێشتر ئەندامی لیژنەی سووتەمەنی بوو لە ئەنجوومەنەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاگاداری دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی نییە، بەڵام رێکەوت زەکی باس لەوە دەکات بەپێی بۆچوونی خۆی، لە ئێستادا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی لە پارێزگای سلێمانیدا پشت دەبەسترێت بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان و ئەو سووتەمەنییەی لە ئێرانەوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، دەکرێت کە لەو بڕە لەسەدا ٢٠ی بۆ پارێزگای هەولێر دەچێت و لەسەدا ٨٠ی بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان دەکرێت و دواتر تێکەڵ بە سووتەمەنییەکانی دیکەی پارێزگاکە دەکرێت و پاشان دابەش دەکرێت.
رێکەوت زەکی یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی سووتەمەنی بەستەوە بە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهانی و بۆرسەی جیهانیدا و دەڵێت "دابەزینی نرخی نەوت پەیوەستە بە بازرگانەکان و نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانیدا، کە دواجار وا لە بازرگانانی هەرێم دەکات بۆ کێبڕکێی نێو خۆیان نرخی سووتەمەنی دابەزێنن".
ئەوەی تێبینی دەکرێت لە ژمارهیهك لە بەنزینخانەکانی شاری سلێمانی نرخی هەر لیترێک بەنزین ٥٠ دینار دابەزینی بەخۆوە بینیوە و ئەمەش خۆشحاڵی هاووڵاتییانی لێکەوتۆتەوە. لەکاتێکدا پێشتر و هەر لەم ساڵدا دوو جار نرخی بەنزین دابەزینی بەخۆوە بینیوە.
شەوی رابردوو نرخی بەنزین بە هەموو جۆرەکانییەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و نرخی لیترێک بەنزینی سوپەر لە٨٠٠ دینارەوە بۆ ٧٥٠ دینار دابەزی، لیترێک بەنزینی موحەسەن لە ٧٢٥ دینارەوە بۆ ٦٧٥ دینار و نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە ٦٥٠ەوە بۆ ٦٢٥ دینار دابەزی.
- "بازرگانەکان نرخی نەوتیان دابەزاند و ئێمەش لە سلێمانی بێ ئەوەی بیر لە چاوچنۆکی بکەینەوە راستەوخۆ نرخمان دابەزاند"
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی شاری سلێمانی، بەهمەن قادر ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئهوهی بهشێوهیهكی هەرزان بەنزین لە لایەن بازرگانەکانەوە دهستخراوه، ئەوانیش بەباشیان زانیوە وەک سوودێک بۆ هاووڵاتییان نرخەکان دابەزێنن.
بەهمەن قادر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەوە دەکات کە دوای ئەوەی بازرگانەکان نرخی دەستخستنی بەنزینیان دابەزاند، ئەوانیش وەک کۆمەڵەی بەنزینخانەکانی سلێمانی پێیان باش بوو کە بریارێک لە قازانجی هاووڵاتییان بدەن بەبێ ئەوەی بیر لە چاوچنۆکی بکرێتەوە.
بەهمەن قادر ئاشکرایکرد کە پێشنیازی دابەزاندنی نرخی بەنزین پێشنیازی خۆیان بووە و رۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی ئهو پێشنیازەیان داوەتە هەڤاڵ ئەبوبەکر و ناوبراو خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر پێشنیازەکە و دواتر لە شەوی هەینی کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەو لەکاتی دابەش کردنی بەنزیندا نرخەکان رەوانە کراون بۆسەرجەم بەنزینخانەکان تاکو پابەند بن بە دابەزاندنی نرخە نوێیەکەوە.
بەهمەن قادر دووپاتیکردەوە کە هەموو کارێک دەکەن لەپێناو ئاسانکاریی و هاوکارییکردنی هاووڵاتییان و دانیشتوانی پارێزگای سلێمانیدا.