Zana Natık Kerem
15 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
دەستەی سێیەم سەربە دادگای تاوانەکانی بەغدا/کەرخ، سزای سێجار لەسێدارەدانی بۆ بکوژی کچە دەرمانساز، شیلان دارا رەئوف، باوک و دایکی دەرکرد.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە تاوانبارەکە، تاوانی کوشتنی ئەنجامداوە لەو کاتەی سامانی خێزانە کوردەکەی دزیوە لە ماڵەکەیان لە ناوچەی مەنسور رۆژئاوای بەغدا و ھاتووە: "لەبەر ئەوە دەستەی سێیەم سەربە دادگای تاوانەکانی بەغدا/کەرخ، سزای سێجار لەسێدارەدانی بۆ بکوژی کچە دەرمانساز، شیلان دارا رەئوف، باوک و دایکی دەرکردووە".
بەپێی راگەیەنراوەکە ھەروەھا دادگا بڕیاریداوە بە جێبەجێکردنی سزاکە بەسەر تاوانبارەکە، ئەوەیش بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزاکانی عێراق ژمارە ١١١ بۆ ساڵی ١٩٦٩.
لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٠دا، سێ ئەندامی خێزانێکی کورد لە ماڵەکەی خۆیاندا لە ناوچەی مەنسور رۆژئاوای بەغدا بەناوەکانی دارا رەئوف، عالییە رەشید نەجم لەگەڵ کچەکەیان کە پزیشکی دەرمانسازبوو، شیلان دارا رەئوف لەلایەن کەسێکەوە کوژران.
لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٠دا، دژەتیرۆری کوردستان دەستگیرکردنی بکوژی خێزانە کوردەکەی بەغدا لە شاری ھەولێر راگەیاندبوو.