Hawkar Yaseen
26 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نووسینگەی خۆی لەنێو وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کردەوە و کۆمەڵێک پێداویستی پزیشکیشی پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم کرد.
لەمبارەیەوە بەڕیوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، خاڵس قادر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نووسیگەی هەماهەنگی خۆیان لەنێو وەزارەتی تەندروستی کردەوە، کردنەوەی نووسینگەکە بۆ مەبەستی هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوەکە دەبێت بۆ کارئاسانی و هاوکاریکردنی وەزارەتی تەندروستی دەبێت بەتایبەتیش بۆ کارەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت، ئەوان وەک تیمێک لە دیوانی وەزارەت لەو نووسینگەیە بەردەوام کار دەکەن و پەیوەندییەکانمان بەشێوەی رۆژانە و بەردەوام دەبێت بۆ هەماهەنگی و هاوکاری نێوانمان".
خاڵس قادر گوتیشی: "تاوەکو ئێستا ئەو رێکخراوە چەند جارێک هاوکاری کردووین بەناردنی پێداویستییەکان چ کیت بێت یان بەشێک لە پێداویستییەکانی دیکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوێنێش شەش ئەمبولانسیان پێشکەش کردین وەک بەشێک لەو هاوکارییانە کە بەهاوکاری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دابین کرابوو".
بەڕیوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەوەی کردنەوەی نووسینگەکە چی لە دۆخی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەگۆڕێت لە هەرێمی کوردستان گوتی: "هەماهەنگی و هاوکارییەکان خێراتر دەبێت، سوود وەرگرتن لە ئەزموونی رێکخراوەکە لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە باشتر و خێراتر دەبێت بۆ ئێمە".
خاڵس قادر دەربارەی دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە هەرێمی کوردستان و دوا پێشهاتەکان رایگەیاند "بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر هەموو هەرێمی کوردستان وەربگرین ژمارەکان هەر لە زیادبووندایە، بەڵام لەڕووی ناوچەییەوە جیاوازی هەیە و لە هەندێک شوێن ژمارەکان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بۆ نموونە لە هەولێر ژمارەی تووشبووان کەمتر بووە بەراورد بە پێشتر. لە سلێمانی بەراورد بە مانگێک بەرلە ئێستا ژمارەکان باشترن و کەمبوونەتەوە، بەڵام لە دهۆک ژمارەکان لە هەڵکشان و زیادبووندایە، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی ناتوانین بڵێین کۆنترۆڵ بووە چونکە هێشتا ڤایرۆسەکە لەژێر کۆنترۆڵ نییە و حاڵەتەکان لە زیادبووندایە".
بەڕیوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، خاڵس قادر دەربارەی ئەوەی بۆچی سەرباری رێکارەکانی خۆپارێزیش ژمارەکان هەر لە زیادبووندان گوتی: "دوو هۆکاری سەرەکی هەیە، یەکەمیان پەیوەستە بە ڤایرۆسەکە کاتێک دەگاتە ژمارەیەکی دیاریکراو لە بڵاوبوونەوە ئیدی کۆنترۆڵکردنی قورس دەبێت لەبەر خێرایی بڵاوبوونەوە و سیفەتی ڤایرۆسەکە، دووەم هۆکار خەڵکە کە وەک پێویست پابەندی رێکار و رێنماییەکان نابن هەرچەندە ئێستا پابەند بوون تا رادەیەک باشترە، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویست نییە و لەو شێوەیە نییە بتوانین ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ بکەین، هێشتا بەشێک لە خەڵک دەچێتە نێو قەرەباڵخی و پابەندی بەکارهێنانی ماسک نابن ئەوانە هۆکاری سەرەکین".