Hawkar Yaseen
28 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای کەرکووک-هەولێر لەنێوان ئۆتۆمبیلێکی جۆری هیوندای تاکسی و ئۆتۆمبیلێکی کیای تایبەتدا، چەند کەسێک گیانیان لەدەست دا و چەند کەسێکیش برینداربوون کە برینی هەندێکیان سەختە.
بەگوتەی شایەتحاڵەکان لە شوێنی رووداوەکە تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەو رووداوەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکیش بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
رووداوەکە لە ئاراستەی بەرەو کەرکووک لە نزیک گوندی یارمجە روویداوە و بەهۆی پێکدادانەکەشەوە ئۆتۆمبیلە تاکسییەکە ئاگری گرتووە و بەتەواوی سووتاوە.
لە هەفتەی رابردووەوە ئەمە دووەم رووداوی هاتوچۆیە لەسەر رێگاکانی دەرەوەی شاری کەرکووک روودەدەن، سەرەتای هەفتەی رابردوو لەسەر رێگەی کەرکووک-سلێمانی رووداوێکی هاتوچۆ رووی دا و بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەست دا، لەم رووداوەی ئەمرۆشدا، تاوەکو ئێستا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکیش بریندارن.