Sarmand Hameed
14 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر - AA
ئەنجوومەنی روحانیی ئێزدی لە عێراق، بڕیاردرا بەدیاریکردنی شێخ عەلی ئیلیاس وەک رابەری روحی ئێزدییەکان لە شوێنی شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل کە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو کۆچی دوایی کرد.
ئەنجوومەنی روحانیی باڵاترین لایەنی ئایینی ئێزدییەکانە و سەرپەرشتی رێکخستنی کاروبارەکانی ئایینی ئێزدییەکان لەنێویاندا دیاریکردنی رابەری روحانی دەکات.
ئەنجوومەنی روحانیی ئێزدی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەئامادەبوونی میری ئێزدی و ٢٥٠ سەرۆکھۆزی ئێزدی بەڕێوەچوو، دوای گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاریداوە شێخ عەلی ئیلیاس وەک رابەری روحانیی ئێزدییەکان (بابە شێخ) دیاری بکرێت.
شێخ عەلی ئیلیاس ساڵی ١٩٧٩ لە قەزای شێخان لەدایکبووە و باوکی ماوەی ١٨ ساڵ لەنێوان ١٩٧٨ تاوەکو ١٩٩٥ رێبەری روحانی ئێزدییەکان بووە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داھاتوو لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە پەرستگەی لالش، شێخ عەلی ئیلیاس وەک بابەشێخ دەستبەکار دەبێت.
جێی ئاماژەیە، شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل، بابە شێخ و رابەری روحیی پێشووی ئێزدییەکان، لە ١ی تشرینی یەکەمی رابردوو و لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد.