
Arbil
هەولێر - AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فڕاکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، سۆران عومەر دەقی ئەو ڕێککەوتننامەی نێوان ھەولێر و بەغدای بڵاوکردووەتەوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خوێندراوەتەوە و دەنگی لەسەردراوە.
سۆران عومەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نوسیوویەتی، ئەم ڕێککەوتنە تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ کاری پێدەکرێت و بۆ ساڵی ٢٠٢٦ پێویستە ڕێککەوتنی نوێ بکرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران خاڵەکانی ناو ڕێککەوتننامەکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ھاتووە: "حکوومەتی ھەرێم دەست دەکات بە ھەناردەکردنی سەرجەم نەوتی بەرھەمھاتوو لە کێڵگەکانی ھەرێم بە بڕی ٢٣٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ھەروەھا وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەپێی یاسای ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ھەر بەرمیلێک ١٦ دۆلار دەداتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".
سۆران عومەر ئاماژەی بە خاڵی دووەمی ڕێککەوتننامەکە کردووە و تێیدا ھاتووە: "ڕۆژانە بڕی ٥٠ ھەزار بەرمیل بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیی لە ھەرێم تەرخان دەکرێت بەمەرجێک حکوومەتی ھەرێم بەڵێن بدات تێچووی بەرھەمھێنان بۆ ئەو بڕە پارەیە بدات، ھەروەھا لیژنەیەکی ھاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێم ھەڵسەنگاندن بۆ پێویستی ڕاستەقینەی ھەرێم بۆ بەرھەمە نەوتییەکان دەکەن بۆ مەبەستی تەرخانکردن و لە ماوەی دوو ھەفتەدا ڕاپۆرتەکەی پێشکەش دەکات".
لە بەشێکی دیکەی ڕێککەوتننەکەدا ئاماژە بە دۆسیەی داھاتی نانەوتی کراوە و تێیدا ھاتووە: "حکوومەتی ھەرێم بڕی ١٢٠ ملیار دینار بۆ ھەر مانگێکی ئایار و حوزەیران ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات، ھەروەھا گرووپێکی کارکردن لە دەستەی چاودێری دارایی فیدراڵی و ھەرێمایەتی پێکدەھێنرێت بۆ وردبینی و پۆڵێنکردنی داھاتی نەوت و دیاریکردنی پشکی حکوومەتی فیدراڵی، ھاوکات دەستبەجێ وەزارەتی دارایی دەست بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکات بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران و مانگەکانی دواتر".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن