Bilal Güler
08 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2020
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی دەزگای گومرکی ئێران، روحوڵڵا لەتیفی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی "ئیسنا" باسی لەوە کرد کە دوابەدوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان بەرپرسانی ئێران و عێراق، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەروازەی سنووری مێهران کرایەوە.
روحوڵڵا لەتیفی ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە دەروازە سنوورییەکە هەفتەی دوو رۆژ بۆ مەبەستی بازرگانیی دەکرێتەوە و رۆژانە رێگە بە تێپەڕبوونی ٢٥٠ بارهەڵگر دەدرێت، بەڵام رێگە نادرێت هاووڵاتییان هاتوچۆی لێوە بکەن.
ناوبراو جەختی لەوەیش کردەوە کە لە میانی ئەنجامدانی کارەکان لە دەروازە سنوورییەکە و تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکاندا، رەچاوی تەواوی مەرجە تەندروستییەکان دەکرێت.
دوای ئەوەی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ١٩ی شوباتدا لە ئێران تۆمار کرا، دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران-عێراق داخران و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان وەستان.