Ozhin Jola
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
کەرکووک - AA
تەرمی مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان، بە ناوی سەفا موراد باقی لە گوندی مەحمودیەی سەربە کەرکووک بە ئەشکەنجە کراوی دۆزرایەوە.
سەفا موراد ناسراو بە سەفا کەڵهوری ماوەی رۆژی حەوتی تشرینی یەکەم لەڕێگەی نێوان خانەقین-کەلار دیار نەماوە و هیچ سۆراخێکی نەبووە.
لەم بارەیەوە گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، عامر نوری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "لە ١٧ی ئەم مانگەوە تەرمی کەسێکی نەناسراو لە گوندی مەحمودیەی شاری کەرکووک دۆزییەوە کە بەخنکێنراوی و لە شوێنیکی چۆلی گوندەکە فڕی درابوو".
بە گوتەی پۆلیسی کەرکووک گوتی: "تەرمەکە شوێنی ئەشکەنجە و لێدانی پێوە دیاربووە و لە کاغەزێکیش لە پشتی تەرمەکەی نووسراوە 'ئەمە چارەنووسی ھەموو کوردێکی خیانەتکارە' ".
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لێکۆڵینەو لە رووداوەکە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ سەرەداوێکیان نەدۆزیوەتەوە.
عامر نوری راشیگەیاند "پاش لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی کەرکووک و گەرمیان، ئەمڕۆ دەرکەوت کە ئەو تەرمەی لە گوندی مەحمودیە دۆزراوەتەوە، تەرمی سەفا کەڵھوری مامۆستای زانکۆی گەرمیانە و دانیشتووی قەزای کەلارە".
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوەیشکرد کە دوای ئاشکرابوونی ناسنامەی کوژراوەکە لەئێستادا چاوەڕوانی بڕیاری دادوەرن بۆ گواستنەوە تەرمەکە بۆ قەزای کەلار چونکە کوژراوەکە خەڵکی کەلارە.