06 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2021
سلێمانی - AA
بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بڕیارە دووەمین پێشانگای کشتوکاڵیی لە سلێمانی رێکبخرێت.
ئەمڕۆ شەشی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا کە ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی رێکیخستبوو، ئاماژە بەوە درا کە لە ماوەکانی داهاتوودا، بە بەشداری ٩٠ کۆمپانیای تورکی، ئێرانی، ئەورووپی و عەرەبی کە لە نۆ وڵاتی جیاوە هاتوون، دووەمین پێشانگای کشتوکاڵیی لە شاری سلێمانی دەکرێتەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی، سیروان محەمەد رایگەیاند، بە مەبەسدتی بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی، بەباشمان زانی لەگەڵ کۆمپانیای ئەلئەسیلدا رێک بکەوین، تاوەکو دووەمین پێشانگای کشتوکاڵیی لە شاری سلێمانی بکەیەنەوە کە ئامانج لێی ناساندنی کاڵاکانی تایبەت بە بواری کشتوکاڵیی و کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری کشتوکاڵە، بە جووتیاران و بازرگانانی هەرێمی کوردستانە بە بەشداری زیاتر لە ٩٠ کۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەکی کە لە نۆ وڵاتی جیاوە هاتوون.
ناوبراوی هیوای خواست سەرجەم کۆمپانیا ناوخۆییە کشتوکاڵییەکان بەشداری بکەن و ئامادەی ئەم پێشانگایە ببن، بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵ.
لای خۆیەوە، حاجی حەسەن رەحیم گەورە بازرگانی شاری سلێمانی ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە دووەمین پێشانگای کشتوکاڵییە لە شاری سلێمانی دەکرێتەوە کە پێشتر لە ساڵی ٢٠١٩دا بۆ یەکەمین جار بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو.
ناوبراو گوتی: ''لەئێستادا حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکوومەتی ناوەندیش هەوڵی جددییان خستۆتە گەڕ بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ کە ئێستا دەتوانین بڵێین دووەمین سەرچاوەی داهاتە لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەهۆی بەپیتی زەویوزاری هەرێم و عێراقە بەگشتی، بەجۆرێک ئەگەر ئاوڕێکی شێلگیرانەی لێبدرێتەوە دەتوانین بیکەینە ناوەندێکی زۆر گرنگ و سەرچاوەی یەکەمی داهات لە هەرێمدا".