Rewa Mahmood Hasan
18 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2020
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، دووەمین پێشانگای کتێب کرایەوە بڕیارە نۆ رۆژ بخایەنێت.
بە بەشداری زیاتر لە ٤٠٠ ناوەندی بڵاوکردنەوەی کتێب لە ١٧ وڵاتەوە، لەسەر رووبەڕی ١٦ هەزار مەتردووجا، دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کتێب بە حەوت زمان، دووەمین پێشانگای کتێب لە شاری سلێمانی کرایەوە.
پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لە مەراسیمێکدا پێشانگاکەی کردەوە و گوتەیەکی پێشکەش کرد.
هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند "کردنەوەی پێشانگای کتێب لە سلێمانی سەرباری دۆخی تەندروستی و قەیرانی دارایی لە ههرێمى کوردستان، بەڵام ئیرادەمان بەهێزە و بە پشتیوانیی هەمووان بەردەوام دەبین، بەو بۆنەیەوە سوپاسی هەموو دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە هاوکاربوون".
رێکخەری پێشانگاکە، شەوقی عومەر گوتی: "ساڵی رابردوو پێشانگاکە هەزار هەلی کاری رەخساندووە و ئەمساڵیش دەرفەتەکانی زیاتر بوو، بۆ ئەمساڵیش لە پێشانگاکە کە ١٦ هەزار مەتر چوارگۆشەیە، هەمووی بە کرێ دراوە و بە نزیکەی حهوت زمان کتێبی چاپکراوی تێدایە کە نزیکەی ٤٠٠ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە، دوو ملیۆن و ٥٠٠ ههزار سەرچاوەی کتێبیان لە ١٧ وڵاتەوە هێناوەتە پێشانگاکە".