Heman Hussein Yaseen
18 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2020
دهۆك - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئامادەبوونی میری ئێزدییان، میر حازم میر تەحسین و ژمارەیەکی زۆر لە گەورەپیاوان و ھاووڵاتییانی ئێزدی لە رێورەسمێکدا، شێخ عەلی شێخ ئەلیاس وەک بابەشێخی ئێزدییان دەستبەکاربوو.
رێوڕەسمەکە لە پەرستگای لالش بەڕێوەچوو کە سەرەتا، شێخ عەلی شێخ ئەلیاس لەنێو پەرستگاکەدا دوور لە چاوی کامێراکان و ئامادەبووان، چەند ئەرکێکی ئایینی ئێزدی ئەنجامدا و دواتر لەبەردەم ئێزدییەکان و لەسەردەستی میری ئێزدییان، میرحازم میر تەحسین بەگ، سوێندنی خوارد.
دوای دەستبەکاربوونیشی لە پەیامێکدا داوای بەردەوامبوونی پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و گیانی لێبوردەیی کرد و بەڵێنیدا کە دڵسۆزی خاک و وڵات بێت.
لە رێورەسمەکەدا، بابەشێخ داوای کرد ئاشتی و ئاسوودەیی لە جیھاندا بەرقەرار بێت و نزای لێخۆشبوونی بۆ میرتەحسین بەگ، میری پێشووی کوردانی ئێزدی و بابەشێخی پێشوو خرتۆ حاجی ئیسماعیل کرد و گوتی:
"تا ئەمڕۆ شێخ عەلی بووم و ئەمڕۆ بابەشێخم، داوا دەکەم لەگەڵ دراوسێکان و پێکھاتەکانی دیکە بە گیانێکی برایانە بژین و ھاوکاری ئێمە بکەن، ھیوادارین ئەم ئاگرەی لە دونیا بەرپابووە دابمرکێ و ئێمەش خۆناچەمێنین لەبەرچیای شنگال و ئەو کارەساتەی بەسەر شنگال ھاتووە و بەڵێن دەدەم کە موخڵیسی خاک و وڵات بم".
دوای دهستبهكاربوونیش وهك دابونهریت و رێكاره ئایینییهكان، میری ئێزدییان و ژمارهیهك له پیاوانی ئێزدی، به رێوڕهسمێك بابهشێخیان بهرهو كورسییهكهی برد و ژنانیش به دهم ههلههله لێدانهوه، شیرینییان بهسهر ئامادهبوواندا دهبهخشییهوه.
- دیاریکردنی شێخ عەلی شێخ ئەلیاس وەک بابە شێخی ئێزدییەکان
رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بابەشێخی ئێزدییان، خەرتۆ حاجی ئیسماعیل لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و دوای ٤٠ رۆژیش بەپێی دابونەریتی ئێزدییەکان دەبێت بابەشێخ ھەڵبژێردرێت.
لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ کۆبوونەوەکەی جڤاتی روحانی ئێزدییان لە شاری دھۆک ئەنجامدرا کە میری ئێزدییەکان میر حازم بەگ و ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ئێزدی بەشداربوون و تیایدا شێخ عەلی شێخ ئەلیاس وەک بابەشێخی نوێ ھەڵبژێردرا.
جڤاتی روحانیی باڵاترین لایەنی ئایینی ئێزدییەکانە و سەرپەرشتی رێکخستنی کاروبارەکانی ئایینی ئێزدییەکان لەنێویاندا دیاریکردنی رابەری روحانی دەکات.
جڤاتی روحانیی ئێزدی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەئامادەبوونی میری ئێزدی و ٢٥٠ سەرۆکھۆزی ئێزدی بەڕێوەچوو، دوای گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاریانداوە شێخ عەلی ئەلیاس وەک رابەری روحانیی ئێزدییەکان (بابە شێخ) دیاری بکرێت.
شێخ عەلی شێخ ئەلیاس لە ساڵی ١٩٧٩ لە قەزای شێخان لە دایکبووە و باوکی ئەو لە ساڵی ١٩٧٨ـەوە تا ساڵی ١٩٩٥ بابەشێخی ئێزدییەکان بووە.
پێگەی بابەشێخ، بەرزترین پلەی ئایینی ئێزدیانە و بە رابەری روحی ھەژمار دەکرێت و دوای ٤٠ رۆژ تێپەڕبوون بەسەر کۆچی دوایی بابەشێخ، ئەگەر کەس بۆ ئەو پۆستە خۆی بەربژێر نەکرد، ئەوا بەربژێرێک بۆ ئەو پێگەیە لەلایەن جڤاتی روحانی و میری ئێزدییان دادەنرێت.