Abdelrahman Fathy Ramadan Mohamed
09 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
لە ئاکامی دوو پەلاماری داعش لە پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی عێراق، سێ کەس کوژران.
ئەفسەر لە پۆلیسی دیالە، ملازمی یەک شەعلان کاملی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە ئاکامی تەقەی قەناسبەدەستی داعش، کارمەندێکی ھەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆ لە دەورووبەری ناحیەی عەبارە باکووری رۆژھەڵاتی باقووبە سەنتەری پارێزگای دیالە کوژراوە و کەسێکی مەدەنیش برینداربوون.
شەعلان کاملی ئاماژەی بەوەیش دا کە ھەروەھا ژمارەیەک چەکداری داعش، ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک لە گوندی قوچ تەپە سەربە ناحیەی قەرەتەپە باکووری رۆژھەڵاتی باقووبە.
باسی لەوەش کرد کە لە ئاکامی پەلامارەکەدا، دوو کەس کوژران.
سەرەڕای ئەوەی ھێزە عێراقییەکان داعشیان لە ناوچەکان شکست پێ ھێناوە، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تا ئێستا بەردەوامن لەسەر پەلامارەکانیان بەتایبەت لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەددین و ئەنبار.