عێراق

دوای سێ ڕۆژ ئاگری دارستانەکانی هەڵەبجە کۆنتڕۆڵ کرا

ماوەی سێ ڕۆژبوو بە هۆکارێکی نادیار، ئاگر لە بەشێک لە دارستانەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتبوویەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگریی شارستانی و هاووڵاتیانی خۆبەخش هەوڵی کوژاندنەوەیان دا.

Hemin Othman Mohammed  | 20.08.2025 - نوێکردنەوە : 20.08.2025
دوای سێ ڕۆژ ئاگری دارستانەکانی هەڵەبجە کۆنتڕۆڵ کرا

As Sulaymaniyah

هەڵەبجە - AA

دوای سێ ڕۆژ لە ئاگرگرتنی دارستانەکانی هەڵەبجە، سەرئەنجام کۆنتڕۆڵ کرا.

لەم بارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند و بە تایبەتی سوپاسی ئەوانەی کرد کە خۆبەخشانە یارمەتی تیمەکانیان داون.

ماوەی سێ ڕۆژبوو بە هۆکارێکی نادیار، ئاگر لە بەشێک لە دارستانەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتبوویەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگریی شارستانی و هاووڵاتیانی خۆبەخش هەوڵی کوژاندنەوەیان دا.

بەهۆی وشکبوونی گیا و پوش و پاوان و هەروەها بایەکی خێرا کە ناوچەکەی گرتبوویەوە، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی کردبوو و ڕووبەرێکی فراوانی لە دارستان و لەوەڕگەکان گرتەوە.

بەهۆی ئەو ئاگرەی سنووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجەی گرتووەتەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسی دیکەش برینداربوون.

لە پاڵ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگریی شارستانیدا، هاووڵاتیانی خۆبەشی ناوچەکەش بەپێی توانای خۆیان هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن. بەڵام بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە و سەختی ناوچەکە، کۆنترۆڵ کردنی ئاسان نەبوو.

- ماتەمینی گشتی ڕاگەیاندرابوو

بە هۆی تەشەنەکردنی ئاگرەکە، ڕۆژی یەکەم هاووڵاتییەکی خۆبەخش بە ناوی ئاری موختار و دوێنێش کارمەندێکی پۆلیسی دارستان بە ناوی محەمەد شێخ حەیدەر گیانیان لەدەستدا.

بە هۆی ڕووداوەکەوە، پارێزگاری هەڵەبجە نوخشە ناسح، دوو ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە پارێزگاکە ڕاگەیاند.

پارێزگاری هەڵەبجە داواشی لە هاووڵاتیان کردووە کە لەم وەرزە گەرمەدا تا ئەوپەڕی ئاگاداری ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن لە مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە، بۆ ئەوەی گیان و سامانی گشتی و تایبەت پارێزراو بن.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın