Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و شاندی حكوومی باڵای یاوەری دوای کۆتاییهاتنی سەردانە فەرمییەکەیان بۆ ئەمریکا، گەڕانهوە عێراق.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی و شاندی یاوەری دوای کۆتاییهاتنی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە ئەمریکا، گەڕانهوە عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کازمی لهگهڵ گەیشتنەوەی بۆ عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن ژمارەیەک لە وەزیر و سەرۆکی دەستەکانی سهر به حكوومهت پێشوازیی لێکراوه.
مستەفا کازمی دەرەنجامی سەردانەکەی بە دەستکەوتی گرنگ وەسف کردووه و راشیگەیاندووه، سەردانەکەی دەبێتە بنچینەی پەیوەندی و هاوبەشیی بەردەوام لەگەڵ ئەمریکا لە بوارە جیاجیاکاندا گرنگترینیان ئاسایش، ئابووری، تەندروستی، خوێندن، رۆشنبیری، وزە، تەندروستی، وەبەرهێنان و سەرجەم دەوازەکانی هەماهەنگی بنیاتنەرانەی دوولایەنە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووهتهوه، ئەو رێکەوتنەی کە کراوە پەیوەستە بە نەمانەوەی هیچ هێزێکی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق تاوەکو ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١.
مستەفا کازمی راشیگەیاندووه، عێراق هەموو هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ لەپێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتی بە بەها بۆ تاکەکانی گەلەکەی.
كازمی سوپاسی سەرجەم ئەو هێزە سیاسییانەی عێراقی کردووه کە پشتیوانییان بۆ حکوومەتی عێراق لە دانوستانەکان و پشتگیرییان لە دەرەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان بەغدا و واشنتۆن کردووە.
ههروهها بەشتایشەوە باسی لە گەڕانەوەی ١٧ هەزار پارچە شوێنەوار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق کردووه و رایگەیاندووه، ئەو پارچە شوێنەوارانە لەنێو هەمان فڕۆکەدا گەڕێندراونەتەوە عێراق.
لە کۆتایی قسەکانییدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا کردووهتەوە و رایگەیاندووه، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان خزمەت بەهیچ کەسێک ناکات و ئاشکراشی کرد کاری جددی دەکەن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە وادەی دیارییکراوی خۆیدا کرد.
مستەفا کازمی رۆژی ٢٥ تەمووزی ٢٠٢١، بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا، گەیشتە واشنتۆن پایتەختی ئەمریکا و لە میانی سەردانەکەیدا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا لە سەروویانەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، نانسی پێلۆسی و سەرکردەی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، چاک شومەر و سەرکردەی کەمینەی کۆمارییەکان، میچ ماککۆنێل و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیران، پۆپ مینیندیز کۆبووەوە.