Aras Husein
03 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2021
دهۆک - AA
پاڵەوانییەتی ناوخۆیی سەرجەم یانە ئاسمانیەکانی عێراق تایبەت بە پەرەگلایدەر لە شاخی زاوا لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەچێت
بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی یەکێتیی ناوەندی ئاسمانی عێراق بە مەبەستی دەستنیشانکردنی هەڵبژاردەی نوێی عێراق بۆ پەرەگلایدەر، چوارەمین پاڵەوانییەتی پەرەگلایدەر بە بەشداری سەرجەم یانە ئاسمانییەکانی عێراق لە شاخی زاوا لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەچێت.
پاڵەوانیەتییەکە لە رۆژی ٢ تا ٩ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت کە تیایدا ١٥ یانەی پەرەگلایدەری عێراقی بەشداری دەکەن کە ھەر یانەیەک پێکدێت لە ٥+١ یاریزان.
لەبارەی پاڵەوانیەتییەکە سەروکی یەکێتیی فڕوکەوانی ھەرێمی کوردستان عەلی ئەتروشی لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند: "ئەمە چوارەمین پاڵەوانییەتی عێراقە کە لەم پاڵەوانییەتییەدا ١٥ یانەی پەرەگلایدەری ناوخۆیی عێراق بەشداری دەکەن و ھەریانەیەک پێکدێت لە ٥+١ یاریزان".
سەروکی یەکێتی فڕوکەوانی ھەرێمی کوردستان عەلی ئەتروشی گوتیشی: "لەم پاڵەوانییەتییەدا یانەی یەکەم و دووەم و سێیەم ھەڵدەبژێردرێن و پێنج یاریزانی لێھاتوو دەستنیشان دەکرێن بۆ هەڵبژاردەی پەرەگلایدەری عێراق بۆ ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانییەتی وڵاتانی عەرەبیدا بکەن".
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە پاڵەوانیەتی پەرەگلایدەر لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و هەڵبژاردەی پەرەگلایدەری عێراق بەشداری تیایدا دەکات.