Azad Mohammed Abdullah
13 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2019
دهۆک - AA
ئەمڕۆ لە سنوورى ناحییەى ئەڵقوشى سەربە قەزاى شێخان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک لە رووداوێکى هاتووچۆ کەسێک گیانى لە دەستدا و چوارى دیکە بەسەختى برینداربوون، هاوکات لە رووداوێکى دیکەى هاتووچۆ لە گوندى ئێمینکى لە سنوورى ناحییەى زاویتە لە سنوورى پارێزگاى دهۆک حەوت ئۆتۆمبێل بەدواى یەکدا تووشى رووداوى هاتووچۆ بوون لە ئەنجامدا چوار کەس بریندار بوون و برینى دوو لە برینداران سەختە.
بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆى پارێزگاى دهۆک، موقەدم ئازاد تەها لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو هەواڵەکەى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو پشتڕاستکردەوە و گوتى: "بەداخەوە ئەمڕۆ دوو رووداوى هاتووچۆ لە سنوورى پارێزگاى دهۆک دروست بوون، یەکەمیان لە رووداوێکى هاتووچۆ لە نێوان ئۆتۆمبێلێکى تایبەت و بارهەڵگرێک لە سنوورى ناحییەى ئەڵقوشى سەربە قەزاى شێخان کەسێک گیانى لە دەستدا و چوار کەسى دیکە بەسەختى بریندار بوون، بریندارانى ئەم رووداوە گواستراونەتەوە نەخۆشخانەى شێخان، برینداران لەژێر چاودێرى پزیشکیدان ئەگەر پێویست بکات رەوانەى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى دهۆک دەکرێن".
موقەدم ئازاد تەها هەورەها گوتى: "لە هەمان کاتدا لە گوندى ئێمینکى سنوورى ناحییەى زاویتەى سەربە قەزاى ناوەندى دهۆک حەوت ئۆتۆمبێل تووشى رووداوى هاتووچۆ بوون، لە ئاکامدا چوار کەس بریندار بوون، بارى تەندروستى دوو لەبرینداران ناجێگیرە و رەوانەى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى دهۆک کراون و لەژێر چاودێرى چڕى پزیشکیدان".
بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆى پارێزگاى دهۆک ئاماژەى بەوەدا کە پەڕاوى لێکۆلینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و داوا لەسەرجەم شۆفێران دەکات کە پابەند بن بە رێنماییەکانى هاتووچۆ، بۆ ئەوەى تووشى رووداوەکانى هاتووچۆ نەبن.