Arbil
ھەولێر ــ AA
کۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند کە لەگەڵ ھاوبەشەکانیدا لە چوارچێوەی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەم، گرێبەستێکی گرنگیان، بە ئامانجی غازی سروشتی بۆ پیشەسازییەکان لە ھەرێمی کوردستان واژوو کردووە، لە نێوانیاندا پیشەسازییەکانی تایبەت بە بەرھەمھێنانی کیمیاییەکان، چیمەنتۆ و بەرھەمھێنانی ئاسن.
کۆمپانیاکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان لە نیوەی دووەمی ساڵی داھاتووەوە بۆ ١٠ ساڵ، دەست بە کڕینی رۆژانە نزیکەی ١٤٢ ملیۆن پێی سێجا دەکەن.
ڕاشیگەیاندووە ئەو بڕە غازەی کە بۆ پیشەسازییەکان دابیندەکرێت لە کێڵگەی گازی چەمچەماڵ بەرھەمدەھێندرێت.
لەئیستادا، کێڵگەی غازی چەمچەماڵ لە قۆناغی پەرەپێدانە و لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بۆریی گواستنەوەی غاز بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ و کارگەکانی دیکە ڕادەکێشرێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە بەشێک لە بۆرییەکە بە درێژایی ٤٠ کیلۆمەتر لە کێڵگەی چەمچەماڵەوە ڕادەکێشرێت بۆ ناوچەی پیشەسازیی بازیان و کارگەکانی چیمەنتۆ.
گرێبەستی فرۆشی غاز لەنێوان دانەغاز و ھاوبەشەکانی لەگەڵ ھەریەکە لە کاگەکانی چیمەتۆی ماس، چیمەنتۆی بازیان، چیمەنتۆی دێلتا، چیمەتۆی گاسن و چیمەنتۆی سلێمانی واژۆکراوە کە ھەموویان دەکەونە ناوچەی پیشەسازیی بازیان لە پارێزگای سلێمانی.
ھەروەھا گرێبەستی فرۆشی غاز لەگەڵ کارگەی ئاسنی ڤان واژۆکراوە کە دەکەوێتە پارێزگای ھەولێر.
لە سەرەتای ٢٠٢٥ەوە کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەم و کۆمپانیا بەشداربووەکانی، دەستیان بە پەرەپێدانی کێڵگەی چەمچەماڵ کرد، ئەوەش لە ڕێگای وەبەرھێنانی ١٦٠ ملیۆن دۆلار لە لێدانی ٣ بیری غاز و دامەزراندنی ژێرخانی گواستنەوەی غاز.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لەوبارەیەوە بەڕیوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ھیلالی ئیماراتی و بەڕیوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاندووە: "ئەم گرێبەستە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وزە لە ھەرێمی کوردستان، چونکە بەپێی گرێبەستەکە بڕێکی زۆر لە غازی خاوێنی غازی سروشتی بۆ پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، ھەروەھا جێبەجێکردنی گرێبەستە، دەبێتە مایەی چارەسەرکردنی ئەو سووتەمەنییانەی کە ژینگەی ھەرێمی کوردستان پیس دەکەن".
ئاماژەی بەوەشداوە کە گرێبەستەکە، لاپەرەیەکی نوێ لە کارەکانی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەم لە ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە، بەتایبەتی دوای ئەو دەستکەوتە گرنگەی کە لە پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر بەدەستھات و پرۆژەی KM-٢٥٠ لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٥ بە سەرکەوتوویی تەواو کرا و بەرھەمھێنانی غازی لە کێڵگەی کۆڕمۆر بە رێژەی ٥٠ لەسەدا زیادکردووە.
