Zana Natık Kerem
24 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2024
ھەولێر ــ AA
دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێ کرد کە لە میانیدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای ھەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتیی و پڕۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات.
فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەن بە وەکالەت، موحسن مەندەلاوی دەستی پێ کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، ١٩٤یان لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، ئامادەن.
پێشتر فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی چوارشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بڵاوکردبوویەوە.
بەپێی کارنامەکە لە میانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، پڕۆژەیاسای ھەمواری ٢١ی ژمارە ٢٥ی یاسای موڵکەکان دەخرێتە دەنگدانەوە.
ھەروەھا لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت لەنێویاندا خۆێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای ھەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩، پرۆژەیاسای ھەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتیی و پڕۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی.
بەپێی زانیارییەکان لەسەر داوای ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای ھەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ لەنێو کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ھەڵگیراوە، ئەوەش بەھۆی پێشنیازەیاساکە، مشتومڕی زۆری لێکەوتووە.
ھەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیدا، گفتوگۆ و خوێندنەوەی دووەم لەبارەی پێشنیازە یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی دەکرێت.