Arbil
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە تەرخانکردنی ١٠٠ ملیۆن دۆلار بەمەبەستی کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنای نوێ.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کۆبووەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، راگەیاندراوێکی بڵاویکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە بڕیارانە دراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا دراون و لەبارەی تەرخانکردنی بڕە پارە بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاڕیداوە بە تەرخانکردنی ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە یەدەگی بانکی ناوەندی بۆ کڕینی ڤاکسیی کۆرۆنا بەپێی ئەو جۆرەی ڤاکسین کە وەزارەتی تەندروستی دیارییدەکات.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی کار دەکەن بۆ گەڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ یەدەگی بانکی ناوەندی.
ئەم هەنگاوەی حکوومەتی عێراق لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی دوایین ئامارەی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگە کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق، گەیشتووەتە ٦١٥ ھەزار و ٣٨٠ کەس و لەو ژمارەیەش ١٣ ھەزار و ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٨٤ ھەزار و ٧٥٢ی دیکەیش چاکبوونەتەوە.