Zana Natık Kerem
20 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2020
بەغدا - AA
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە بەهۆی تێکچوونی رەوشی تەندروستیی شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدلعەزیر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەردانەکەی بۆ ریاز دواخستووە.
لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە بەیانی ئەمڕۆ بە نیگەرانییەوە، مستەفا کازمی هەواڵیی تێکچوونی رەوشی تەندروستیی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز-ی بیستووە کە بەهۆیەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.
لە راگەیەندراوێکدا هاتووە "بەهۆی ئەوەی شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز رەوشی تەندروستیی تێكچووە و لەئێستادا لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی سەردانەكەی بۆ ریاز دواخستووە، بەڵام لە نزیکترین کاتدا بەپێی رێککەوتنی هەردوولا سەردانەکە ئەنجام دەدرێت".
بەپێی راگەیەندراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەدا لەگەڵ جێنشینی سعوودیە، محەمە بن سەلمان لە تەندروستیی شا سەلمان بن عەبدوڵعەزیز-ی پرسییەوە هیوای خواستووە تەندروستیی باش بێت.
دوێنێ دووشەممە میدیاكانی عێراق بڵاویان كردبوویەوە كە ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بە یاوەری وەزیرانی نەوت، كارەبا، پلاندانان و دارایی سەردانی ریاز دەكات و لە میانیدا لەگەڵ جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان كۆدەبێتەوە.
پێشتر دیوانی شاهانەی سعوودیە لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردبوویەوە كە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، دوای تێكچوونی رەوشی تەندروستیی، گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی شا فەیسەڵ لە شاری ریاز.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان رایگەیاندبوو کە سعوودیە گرنگییەكی زۆر بە یەكەم سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی دەدات، بۆیە سعوودیە و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ سەرخستنی سەردانەکە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شا سەلمان نەخۆش كەوتووە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ برایانمان لە عێراق سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ ریاز دواخراوە تا ئەو كاتەی رەوشی تەندروستیی شا سەلمان باش دەبێتەوە و لە نەخۆشخانە دەردەچێت.