Hawkar Yaseen
07 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2021
هەولێر AA
نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان لە عێراق لە هۆتێل شێراتۆن لە هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان و رێکخراوەکانی چاودێری هەڵبژاردنەکە، تیروپشکی کۆتایی بۆ پێدانی ژمارەی هەڵبژاردن بە کاندیدان ئەنجامدا.
پرۆسەکە لە هەمان کاتدا لە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی لە هەموو نووسیگەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانی عێراق بە هەمان میکانیزم بەڕێوەچوو.
لیستی کۆتایی کاندیدی کۆتاکانیش لە نووسینگەی نیشتمانی لە بەغدا تیروپشکیان بۆ کراوە و ناویان لەسەر سەرجەم کارتەکانی هەڵبژاردن دەبێت.
بەرپرسی تۆماری حزب و کاندیدان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، فەرهاد ئەسعەد لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی تیروپشکی پێدانی ژمارە بە کاندیدانی سنووری پارێزگای هەولێر رایگەیاند "پارێزگای هەولێر چوار بازنەی هەڵبژاردنە بەپێی ریزبەندی ئەبجەدی ئەو لیستەی کە لە بەغدا هەیە رێکمانخستن کە کاندیدانی لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکەی لەنێودایە".
فەرهاد ئەسعەد گوتی: "لە سنووری پارێزگای هەولێر، ٤٤ کاندیدمان هەیە دابەشکراون بەسەر ئەو چوار بازنەیەی کە هەیە، ئەوەی دیکە دەمێنێتەوە مەسیحیەکانن کە دەکەونە ناو لیستی کۆتاکان ئەوانیش ئەمڕۆ لە بەغدا لە نووسینگەی نیشتمانی تیروپشکەکەیان بۆ دەکرێت".
بەرپرسی تۆماری حزب و کاندیدان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، فەرهاد ئەسعەد هەروەها گوتی: "زیاتر لە ١٠٠ کاندیدی کۆتاکان هەیە لە عێراقدا، ئەمڕۆ ئەوانیش یەکلا دەکرێتەوە و بۆی هەیە ٤٨ کاندیدی کۆتاکان هەبن لە سەرانسەری عێراقدا، ناویان لەسەر وەرەقەی هەڵبژاردن تۆمار دەکرێت، عێراق بۆ کۆتاکان یەک بازنەی هەڵبژاردنە ناوی کاندیدەکانیان چ کاندیدی سەربەخۆبن یان کاندیدی قەوارە سیاسییەکان لە هەموو بازنەکان ناویان بەزمانی عەرەبی تۆماردەکرێت".
فەرهاد ئەسعەد دەربارەی ئەوەی لە لیستی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی عێراقدا چەند حزب و کاندید بەشداردەبن گوتی: "ئێمە ناتوانین ژمارەی حزبە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنەکەدا بە لێدوانی رۆژنامەوانی باس بکەین، ئەوەی هەیە ئەمڕۆ لەم پرۆسەیەدا ناوی ٤٤ کاندیدمان لەبەردەست بوو تیروپشکی ژمارەی هەڵبژاردنمان بۆ کردن، هەم تیروپشکی دەستییان بۆ کرا هەم بە ئەلیکترۆنیش تۆمارکران".
بەرپرسی تۆماری حزب و کاندیدان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان دەربارەی دابەشبوونی بازنەکانی هەڵبژاردنیش لە هەولێر رایگەیاند "پارێزگای هەولێر بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراوە، بازنەی یەک لە بەستۆرە دەست پێ دەکات تاوەکو حاجی ئۆمەران و ناوچەی بارزان، بازنەی دوو لە قەزای خەبات دەست پێ دەکات و بەحرکە و دەورووبەری هەولێر دەگرێتەوە، بازنەی سێ و بازنەی چواریش، ناو سەنتەری شاری هەولێرە".
تیروپشکی جیاکردنەوەی ژمارەی کاندیدەکان لەڕێگای تیروپشکی دەستییەوە بوو، تیروپشکەکە لە ژمارە ٢٠ەوە دەستی پێ کرد و هیچ کاندیدێک لە ژمارە یەک تاوەکو ١٩ی نابێت، ناوی کاندیدە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکە بەپێی بازنەکان بەپێی پیتی ئەبجەدی جیاکرابوونەوە و تیروپشکەکە بۆ ژمارەکانیان کرا لەڕێگای جیاکردنەوەی تۆپی دەستی.
دەرئەنجامی تیروپشکەکەش بۆ کاندیدانی هەرچوار بازنەکەی هەڵبژاردن لە هەولێر بەم جۆرە دەرچوو.
بازنەی یەک نۆ کاندیدی ھەیە، ریزبەندی ژمارەکانیان لە ۲٠ بۆ ۲۸:
شەرمین حەمەد بەگ ژمارە ۲٠
کوردەوان جەمال محەمەد ژمارە ۲۱
عەلی وادی حەسەن ژمارە ۲۲
جوان عەبدوڵڵا عومەر ژمارە ۲۳
فەیسەڵ کەریم خان مەحمود ژمارە ۲٤
سیپان عەزیز حەدۆ ژمارە ۲٥
نەھرۆ مەحمود قادر ژمارە ۲٦
محەمەد سدیق محەمەد ژمارە ۲۷
راژان عەبدولفەتاح رەسوڵ ژمارە ۲۸
بازنەی دووەم هەشت کاندیدی ھەیە، ریزبەندی ژمارەکانیان لە ۲٠ بۆ ۲۷:
خدر عەلی سادق ژمارە ۲٠
کوردۆ عومەر عەبدوڵڵا ژمارە ۲۱
ئەبوبەکر محەمەد مەولود ژمارە ۲۲
ئامانج مەحمود ئەسعەد ژمارە ۲۳
سومەیە کەریم خان ژمارە ۲٤
وەزیرە ئەحمەد برایم مەلا ژمارە ۲٥
مستەفا ئیبراھیم حەمە سۆفی ژمارە ۲٦
عەبدولسەلام ئەحمد سوڵتان ژمارە ۲۷
بازنەی سێیەم ۱٠ کاندیدی ھەیە، ریزبەندی ژمارەکانیان لە ۲٠ بۆ ۲٩:
ھەرێم کەمال رەشید ژمارە ۲٠
عومەر رەسوڵ حەمەد ئەحمەد ژمارە ۲۱
رێبوار ھادی عەبدولرەحمان ژمارە ۲۲
نایف لەتیف خالد ژمارە ۲۳
پەخشان رەشید سەعید ژمارە ۲٤
قومریە محەمەد نەجیب ژمارە ۲٥
ڤیان عەبدولعەزیز عەبدولرەحمان ژمارە ۲٦
لەیلا ئەکرەم سەعید ژمارە ۲۷
نەوزاد جەلال ئیبراھیم ژمارە ۲۸
بنار نەوزاد حاجی عەبدولواحید ژمارە ۲۹
بازنەی چوارەم ۱۷ کاندیدی ھەیە، ریزبەندی ژمارەکانیان لە ۲٠ بۆ ٣٦:
کازم یاوەر ئەنوەر ژمارە ۲٠
محەمەد ئیسماعیل عومەر ژمارە ۲۱
مژدە ئیسماعیل ساڵح ژمارە ۲۲
مەسعود ئیبراھیم ئەحمەد ژمارە ۲۳
تارق خورشید سالح ژمارە ۲٤
نەجا خالید حەمە رەشید ژمارە ۲٥
رەحاب تۆفیق سەلمان ژمارە ۲٦
برزۆ مەجید عەبدوڵڵا ژمارە ۲۷
فەیسەڵ ئەحمەد ئەبابەکر ژمارە ۲۸
فەرھەنگ حەسەن عەباس ژمارە ۲۹
فەرەح خالد سمین ژمارە ۳٠
نەھلە قادر محەمەد ژمارە ۳۱
عەبدولستار مەجید قادر ژمارە ۳۲
مەریوان قەرەنی ئیبراھیم ژمارە ۳۳
نەریمان خالید سدیق ژمارە ۳٤
زھیر محمەدئەمین رشید ژمارە ۳٥
سەباح سبحی حیدر ژمارە ۳٦
بڕیارە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە عێراق لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا بەڕێوەبچێت، لە ھەموو عێراق هەزار و ٧٩ ناوەندی دەنگدان دەکرێتەوە و ١١٠ حزب و ٢٢ ھاوپەیمانی خۆیان تۆمار کردووە.
لە ھەڵبژاردنەکاندا، ٢٤ ملیۆن و ٢٩ ھەزار و ٩٢٧ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، سێ ھەزار و ٥٢٣ کاندید لە ٨٣ بازنەی ھەڵبژاردن کێبڕکێ بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەن.