ئابووری, ژيان, عێراق

ترێی رەشی سەرگەڵو لە چاوەڕوانی هەناردەکردندا

دانیشتوانی گوندی سەرگەڵو سەربە ناحیەی سورداش قەزای دووکان پارێزگای سلێمانی کە خاوەن سروشتێکی جوانە، سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریین.

Rewa Mahmood Hasan  | 18.09.2020 - نوێکردنەوە : 21.09.2020
ترێی رەشی سەرگەڵو لە چاوەڕوانی هەناردەکردندا

As Sulaymaniyah

سلێمانی-AA

دانیشتوانی گوندی سەرگەڵو سەربە ناحیەی سورداش قەزای دووکان پارێزگای سلێمانی کە خاوەن سروشتێکی جوانە، سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریین.

سەرگەڵو بە دامێنی شاخی هەلاجدا هەڵواسراوە و سروشتێکی دڵڕفێنی هەیە، تەنها ٢٠٠ ماڵ لەئێستادا لەو گوندەدا ماونەتەوە و سەرقاڵی ئاژەڵداری و کشتوکاڵن.

سروشتی گوندەی سەرگەڵو سەختە، هەر بۆیە کشتوکاڵیش لەو گوندە سەختە، بەڵام وەک خەڵکی گوندەکە دەڵێن چێژبەخشە.

بە هاوینان دانیشتوانی گوندەکە سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبن و بە زستانانیش بەرهەمەکەی دەخۆن و شەوچەرە و سەردانیکردنی یەکتری هێندەی تر ژیانی گوندەواری دەڕازێنێتەوە.

ترێی سەرگەڵو یەکێکە لە بەروبوومە ناوازەکانی ئەو گوندە و لەسەر ئاستی هەرێم بۆ دروستکردنی مێوژ لە ریزبەندی یەکەمدایە.

ترێیەکی رەشی ئاوداری تام شیرین، بە قەدپاڵی شاخ و گردەکانی هەموو گوندەکەوە دەبینرێت، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا و هەموو ساڵێک لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە جووتیاران پەیتا پەیتا بە هەرەوەز روودەکەنە دەوەن و دەغڵەکانیان بەقەدپاڵی شاخەکانەوە بۆ رنینەوەی ترێ و دروستکردنی موشتاق.

موشتاق بریتیە لە کۆکردنەوەی ترێ لەسەر نایلۆنێکی گەورە و هەڵخستنی لەبەر هەتاودا تا دەبێتە مێوژ.

رەئوف قادر مستەفا یەکێکە لەو جووتیارانەی کە لەگەڵ هاوسەر و کوڕەکەی و دوو کەسی تری گوندەکە هاتوون بۆ رنینەوەی ترێ بە قەدپاڵی شاخێکی گوندی سەرگەڵو.

ئەو باس لەوە دەکات کە بۆ ئەم جۆرە کارانە دەبێت یان کرێکار بگریت یان ئەوەتا بە هەرەوەزی کارەکە ئەنجام بدرێت، دوای ئەوەی کە خەڵکی گوندەکە هەرەوەزیت لەگەڵ دەکەن، دواتر تۆش یارمەتییان دەدەیت.

لە باسی تێپەڕینی رۆژێکی کارکردن لە رنینەوەی ترێدا، رەئوف قادر مستەفا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سبەینان سەعات پێنج هەڵدەستین لەخەو، بەڕێ دەکەوین بۆسەر زەویەکە، تا سەعات هەشت و نیو کار دەکەین و ترێ کۆدەکەینەوە و دەیهاوینە سەر نایلۆنێک و لەبەر هەتاو هەڵیدەخەین تا دەبێتە مێوژ، دواتر ئاگر دەکەینەوە و بەرچاییەک حازر دەکەین و پشوویەک وەردەگرین و دەست دەکەینەوە بە کارکردن تا وەکو نیوەڕۆ دەبێت چوار تا ۆێنج موشتاق پر بکەینەوە. هەندێک جار تا بانگی ئێوارە سەرقاڵی رنینەوەی ترێ دەبین".

رەئوف قادر مستەفا کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٣ی سەرگەڵوە و ماوەی ٤٠ ساڵە زیاتر سەرقاڵی کاری جووتیاریی و باخدارییە، باس لەوە دەکات ئەوان لە سەرگەڵو ترێ بۆ چەند مەبەستێک بەکاردەهێنن، هەندێکیان راستەوخۆ دەنێرنە بازاڕ و عەلوەکانەوە و بە نرخی رۆژ دەیفرۆشن کە لە ٥٠٠ دینارەوە بۆ هەزار دینار دەگۆڕێت، هەندێکی تر ترێ دەکەنە مشتاق و دەیکەنە مێوژ، چونکە زۆر شیرینە و بەکەڵکی مێوژ و شەربەتی مێوژ دێت و دەیفرۆشینەوە بە دوکان و کارگەکانی دروستکردنی شەربەت کە ئەوکات کیلۆی بە دوو هەزار بۆ سێ هەزار نرخەکەی دەگۆڕێت".

زۆربەی رەزە ترێی سەرگەڵو بەسەر گرد و شاخەکانەوە، لەوێ بە ئاستەم دەتوانن بارە ترێ بگوێزنەوە، هەربۆیە هەندێک لە جووتیاران گوێدرێژ و مایین بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی بارە ترێ پاش ئەوەی دەخرێنە قەرتاڵێکەوە (سەبەتە) و لە پشتی گوێدرێژەکەی دەنێن لە نزیک رەزەکانەوە بۆ نێو ئۆتۆمبێلی بارەکان دەیگوێزنەوە.

رەئوف قادر مستەفا باس لەوە دەکات کە لە هەریەک لە جۆرەکانی ترێ رەش، رەشمیری، ترێی دۆشاوی لە سەرگەڵودا هەن، بەڵام زۆربەی ترێی رەشە و بە دێمی بەخێودەکرێن و گوتی: "واتە پێویستیان بە ئاودان نییە، تەنها ئەوەی دەبێت کۆتایی زستان ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، مایین و گوێدرێژ بهێنین و جووتیان پێبکەین و زەویەکان بکێڵین و رەزە ترێ بکەین، لق و پەلوپۆ زیادەکانیان ببڕین تاوەکو بۆ هاوین بەرووبوومی باش بگرن".

رەئوف قادر مستەفا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر ساڵێک باران بارین یان تەرزە تا درەنگانێکی بەهار ببارێت کە رێککەوت بێت لەگەڵ گوڵکردنی رەزە ترێدا، ئەوا ئەو ساڵە بەرهەمی ترێ کەم دەبێت، چونکە گوڵەکان دەوەرن و بەرسیلە کەم دەبێت.

رەئوف قادر مستەفا گوتیشی: ''لێرە ترێ بەچەند جۆرێک سوودی لێ دەبینرێت، هەیە بۆخۆی لەگەڵ پێگەیشتنی ترێدا دەیباتە بازاڕەکانەوە و دەیانفرۆشێت، هەیە مشتاق دەنێتەوە و دواتر بە مێوژی دەیفرۆشێت، هەیە دەیکاتە باسوق و سجوق ئەوەشیان بە شەوچەرە لە زستاندا دەخورێت، بەتایبەت لە گوندەکەی ئێمە کاتێک زستانان کار و فەرمانمان نامێنێت، هەر شەوەی لە ماڵێک کۆدەبینەوە و شەوچەرە دەکەین".

ناوبراو گوتیشی: "هەر بڕکێک مێو ئەگەر بەباشی کاری تیاکرابێت یەک سندوق، ٢٥ کیلۆ ترێ دەگرێت، هەشە بە سێ تا چوار بڕەکە ترێ ئینجا دەتوانێت یەک سندوق ترێ بدات. ئەویش ئەگەر شوێنەکەی شێدار و فێنک بێت".

هاووڵاتی محەمەد ئەمین سەعید خەڵکی گوندی سەرگەڵو و خاوەنی کارگەیەکی دروستکردنی شەربەت راستەوخۆ لە کاتی رنینەوەی ترێدا ئاگاداری نانەوەی مشتاقەکە دەبێت تا مێوژێکی باشی بۆ بەرهەم بێت و سەرجەمی بەروبوومەکان بکڕێتەوە.

محەمەد ئەمین سەعید دەڵێت ''ترێی سەرگەڵو بەهۆی شیرینی و ئاوداوریەکەیەوە زۆر خۆشە بۆ مێوژ بۆیە هەموو ساڵێک ئەم کاتانە سەردانی زۆربەی باخەکانی ترێ دەکەین، دواتر لەکاتی هەڵگرنەوەی مێوژەکان لێیان وەردەگرینەوە، بۆ ئەوەی دواتر بیکەینە شەربەتی مێووژ کە بەروبوومی ترێی رەشە، بۆن و بەرامەکەشی خۆشە".

محەمەد ئەمین سەعید گوتی: "ترێی سەعدانی، ترێی رەش، ترێی دۆشاوی و رەشمیری لە ترێ بەناوبانگەکانی گوندی سەرگەڵون کە هەریەکەیان بۆ بەرهەمێک دەبێت، دەکرێتە دۆشاو، مێوژ، شەربەتی مێوژ، باسوق و سجوق".

محەمەد ئەمین سەعید ئاماژە بەوە دەکات جووتیارانی سەرگەڵو سەرقاڵی چەندین کاری جووتیارین، لەوانە رەزی ترێ کە گرنگترینیانە، چوالە، ترش (ترشە سماق)، هەنار، قۆخ و هەنجیر جۆری ئەو بەروبوومە کشتوکاڵییانەیە کە خەڵکی گوندەکە سەرقاڵین، دواتر ئاژەڵداریش یەکێکە لە کارە گرنگەکان کە دانیشتوانی گوندەکە سەرقاڵی دەبن.

محەمەد ئەمین سەعید دەڵێت ''لە رەمەزانی ئەمساڵدا، مێوژ کەم بوو، بۆیە یەک کیلۆی بۆ سێ هەزار و ٥٠٠ دینار بەرزبوویەوە، بەڵام ساڵانی رابردوو بە دوو هەزار و ٥٠٠ دینار دەمان کڕی، کیلۆیەک مێوژ بەنزیکەیی لیتر و نیوێک بۆ دوو لیتر شەربەتی لێ دروست دەبێت".

ناوبراو باس لەوە دەکات کە ترێی سەرگەڵو جگە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراقیش دەڕوات، بەڵام تا ئیستا رەوانەی دەرەوەی وڵات نەکراوە و گوتی:

"ساڵی پار لەگەڵ بازرگانێکی میسریدا رێککەوتین کە ترێی سەرگەڵو بەهۆی بۆن و بەرامەو تامە شیرینەکەیەوە بەرین بۆ ئەوێ، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەمانتوانی ئەو کارە بەئەنجام بگەینین، هیوادارین کە حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئاسانکاری بکەن بۆ ناساندنی زیاتری بەروبوومی ترێی سەرگەڵو تا بیکەینە مارکەیەکی جیهانی".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın