جيهان, ئابووری, عێراق

تا ئێستا عێڕاق بەھۆی داخستنی گەرووی ھورمز چوار ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە

کۆی ئەو زیانە داراییەی کە لەسێی ئادارەوە تا ئێستا بەھۆی داخستنی گەروو ھورمز لەلایەن ئێرانەوە، بە عێڕاق کەوتووە، گەیشتووەتە چوار ملیار دۆلار.

Zana Natık Kerem  | 27.03.2026 - نوێکردنەوە : 27.03.2026
تا ئێستا عێڕاق بەھۆی داخستنی گەرووی ھورمز چوار ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە

Arbil

ھەولێر ــ AA

بەھۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژبە ئێران، عێڕاق کەوتووەتە قەیرانێکی ئابووریی سەختەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران داخستنی گەرووی ھورمزیان ڕاگەیاند، لە کاتێکدا کە دوورگەکە بە شادەماری ھەناردەکردنی نەوتی عێڕاق دادەندرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکوومەتی عێڕاق بۆ خەرجییەکانی و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی بە ڕێژەی ٩٥ لەسەدا پشت بە داھاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بۆیە داخستنی دوورگەی ھورمز لەلایەن ئێرانەوە لە ڕووی داراییەوە زیانێکی زۆری بە عێڕاق گەیاندووە بە تایبەتیش لە ئامادەکردنی بوودجەی گشتیی، جگە لەوەش بازاڕەکانی ناوخۆی عێڕاقی سستکردووە.

ڕۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، ئەمریکا و ئیسرائیل ھێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لەبەرامبەردا ئێران وەک ھەنگاوێکی کرداریی لە وەڵامی ھێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل گەرووی ھورمزی داخست کە بە ڕێڕەوێکی ئاوی ستراتیژی دادەندرێت بۆ گواستنەوەی نەوت و غاز لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا.

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد تڕەمپ وەک کاردانەوە لەھەمبەر ئەو ھەنگاوەی ئێران لە ١٤ ی ئەم مانگە ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک وڵات ھەماھەنگی دەکات بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی ھورمز، جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە ئەو وڵاتانەی سوود لە نەوت وەردەگرن لە گەرووی ھورمزدا بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە لە ئەستۆ بگرن.

بەڵام لە ١٦ی ئەم مانگە وەزارەتی دەرەوەی ئێران پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی وڵاتان کرد و ڕایگەیاند گەرووی ھورمز بەڕووی ھیچکام لەم وڵاتانەدا ناکرێتەوە کە دەیانەوێت زیان بە ئێران بگەیەنن.

- ھەناردەی نەوتی عێڕاق لە گەرووی ھورمز

پێشتر عێڕاق مانگانە لە ڕێگای ٨٥ بۆ ١٠٤ کەشتییەوە نەوتەکەی لە گەرووی ھورمزدا هەناردە دەکرد کە تێکڕای ڕۆژانە سێ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل بۆ سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل بوو، بەڵام ئێستا کە گەڕووکە داخراوە عێڕاق ناتوانێت ئەو بڕە نەوتە ھەناردە بکات.

لەنێو ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەی کە لە ماوەی ٨ مانگدا، ٥٧٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی مامناوەندی بەسرە و ٣٣٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی قورسی بەسرە و ٣١ ملیۆن بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستانیان گواستووەتەوە، تەنھا سێ کەشتییان خاوەندارێتی و کارپێکردنەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا. ئەوانیش ئەو کەشتییانەن کە کۆمپانیای نێودەوڵەتیی سیوەی (Seaway) خاوەندارێتییان دەکات.

بەرزترین ژمارەی ئەو کەشتییانەی لەو ماوەیەدا نەوتی عێڕاقیان لە ھەردوو بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە و بەندەری جەیھانەوە گواستووەتەوە بە پلەی یەک ئەو کەشتیانەی بە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵ بوون کە بە ڕێژەی سەدا ١٥،٦ و دوای ئەویش بە ڕێژەی ٩،٦ لیبریا، پاشان ھەریەک لە یۆنان بەڕێژەی ٩،٣ لە سەدا و ھیندستان بەڕێژەی ٨،٣ لە سەدا و ھۆنگ کۆنگ بەڕێژەی ٦،٣ لەسەدا دێن.

ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کەشتیی بازرگانیی "ئۆمێگا"، دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عێڕاقی لە ڕێگای گەرووی ھورمزەوە بۆ ھیندستان گواستووەتەوە کە نرخی ھەر بەرمیلێک ١٥٠ دۆلار بووە.

- ئێستا عێڕاق یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بۆ یەک ملیۆن ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرھەمدەھێنێت

لە پارێزگاکانی باشووری عێراق، چەندین کێڵگەی نەوتى ھەیە کە بریتیین لە کێڵگەی نەوتی ڕومێلە، فەیحا، قورنەی یەک و دوو، مەجنوون، زوبێر لە پارێزگای بەسرە، ھەریەک لە کێڵگە نەوتییەکانی حەلفایە و بوزورگان لە پارێزگای میسان، کێڵگە نەوتییەکانی ناسرییە و غەراف لە پارێزگای زیقار.

هەروەها کێڵگەیەکی نەوتى ھەیە کەوتووەتە پارێزگای بەغدا کە بە کێلگەی نەوتی ڕۆژھەڵاتی بەغدا ناسراوە. لە پارێزگای واستیش کێڵگەیەکی نەوت ھەیە کە بە کێڵگەی نەوتی ئەحدەب ناوبردرێت.

هاوکات لە سێ پارێزگای باکووری عێڕاقیش ژمارەیەک کێڵگەی نەوت ھەن کە بریتیین لە کێڵگە نەوتییەکانی عجێل، تکرێت و بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین و کێڵگە نەوتییەکانی گەیارە و عەین زالە لە پارێزگای نەینەوا. هەروەها کێڵگەکانی نەوتییەکانی ئاڤانا، بای حەسەن، جەمبور و خەباز لە پارێزگای کەرکووک.

بەرلەوەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژبە ئێران دەست پێ بکات، عێڕاق لە چوارچێوەی پشکی دیاریکراوی ئۆپێک پڵەس، ڕۆژانە چوار ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیلی نەوتی بەرھەمدەھێنا.

ئێستا عێڕاق بەھۆی وەستانی ھەناردەکردنی نەوت، ڕۆژانە لە سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی، یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بۆ یەک ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەمدەھێنێت کە ئەو بڕەش تەنھا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و کارپێکردنی پاڵاوگەکانی (باشوور، ناوەڕاست و باکوور)ـە کە ڕۆژانە پێویستیان بە زیاتر لە یەک ملیۆن و ١٠٠ ھەزار بەرمیلە، لەگەڵ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا.

ھەروەھا پێشتر وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاندبوو کە ھەوڵەکانیان دەست پێکردووە بۆ ئەوەی نەوت لە ڕێگای بەندەری بانیاس لە سووریا و عەقەبە لە ئوردن ھەناردە بکەن، بەڵام بەھۆی نەبوونی بۆڕیی گواستنەوە، ئەوا لە چەند ڕۆژی داھاتوودا کێبڕکێ (تەندەر) بۆ گواستنەوەی نەوت بە تانکەر بۆ ئەو دوو وڵاتە ڕادەگەینن.

ئێستا عێڕاق، ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە بۆڕی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەناردەی بەندەری جەیھانی تورکیا دەکات و ئەگەری ھەیە لە ڕۆژانی داھاتوودا ئەو بڕە زیاد بکرێت و بگەیەندرێتە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.

- زیانە داراییەکانی وەستانی ھەناردەکردنی نەوتی عێراق بە ھۆی داخستنی گەرووی ھورمز

لە سێی ئادارەوە، ئێران گەرووی ھورمزی بە ڕووی هاتوچۆی گشتییە بازرگانیی و نەوتهەڵگرەكاندا داخستووە كە بەهۆیەوە ھەناردەکردنی نەوتی عێڕاق لە گەرووكە وەستاوە، ئەوەیش لە كاتێكدایە کە عێڕاق بە وڵاتێکی دۆست و ھاوپەیمانییەکی زۆر نزیکی ئێران دادەندرێت.

بەڵام ئێستا بەھۆی وەستانی ھەناردەکردنی نەوتی عێڕاق لە گەرووی ھورمز، ڕۆژانە بە بەھای ٢٠٠ ملیۆن دۆلار زیانی دارایی بەو وڵاتە کەوتووە، چونکە بەر لە داخستنی گەرووی ھورمز، عێڕاق ڕۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل بۆ سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیلی ھەناردە دەکرد.

بەپێی ئەو داتا و زانیارییانەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو کۆی کردوونەتەوە کۆی ئەو زیانە داراییەی کە لە سێی ئادارەوە تا ئێستا بەھۆی داخستنی گەروو ھورمز لەلایەن ئێرانەوە بە عێڕاق کەوتووە، گەیشتووەتە چوار ملیار دۆلار.

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، ٩٩ملیۆن و ٨٧٢ ھەزار و ٢٢٠ بەرمیلی نەوت ھەناردەکراوە و کۆی گشتی داھاتەکەیشی گەیشتووەتە، شەش ملیار و ٨١٤ ملیۆن و ٥٨٦ ھەزار دۆلار.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە وەڵامی ھێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگانیان، بە ئاراستەکردنی مووشەک و دڕۆن چەندین ھێرشیان کردە سەر کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای بەسرە کە ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکا کاری تیایدا دەکەن کە ئەوەیش وایکردووە بەشێک لەو کۆمپانیایانە کارەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکان ڕابگرن.

لە ماوەکانی ڕابردوودا و کۆمپانیای بریتش پیتڕۆلیۆم (BP)ی بەریتانی کە کارەی پەرەپێدانی لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دەکرد بەھۆی ھێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە، لەو کێڵگانە کشایەوە و ڕادەستی کۆمپانیای نەوتی باکوور سەربە وەزارەتی نەوتی عێراق کرد.

- ڕاگەیاندنی ھێزی لەڕادەبەدەر "قوە قاھرە" لە سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی عێراق

چەند ڕۆژێک لەومەبەر لە میدیاکاندا ئەوە بڵاوکرابوویەوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق بەھۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە، حاڵەتی ھێزی لە ڕادەبەدەر"قوە قاھرە"ی لە سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان ڕاگەیاندووە.

ھێزی لەڕادەبەدەر"قوە قاھرە"، دەستەواژەیەکی یاسایی و ئابوورییە یەکێکە لەو بڕگانەی کە ھەردوو لایەنی گرێبەست لە ئەرکەکانیان ڕەھا دەکات لە کاتی ڕوودانی دۆخێک کە لە دەرەوەی توانا و دەسەڵاتی ئەواندا نییە، وەک ھەڵگیرسانی شەڕ، شۆڕش، مانگرتنی کرێکاران ، یان ڕوودانی کارەساتی سرووشتی وەک یەکێک لەم ڕووداوانە ئەگەری ھەیە ڕێگریی بکات لە لایەنێکی گرێبەستەکە یان ھەردوو لایەن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەپێی گرێبەستەکە، بەڵام بڕگەی ھێزی زاڵ کاری پێ ناکرێت ئەگەر کەمتەرخەمی ھەبوو لە ئەنجامدانی کارێکی زیانبەخشدا.

لەگەڵ ئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا نیگەرانی لای فەرمانبەرانی عێڕاق دروستکردووە لەھەمبەر خەرجنەکردنی مووچەکانیان، بەڵام وەزیری دارایی ئەو وڵاتە، تەیف سامی دڵنیایی داوەتە فەرمانبەران کە "بوودجەی پێویست بۆ ھەموو مووچەکان و خەرجییە حکوومییەکان و یەکەکانی خەرجکردن دابینکراوە" و ھیچ مەترسییەک لەسەر شایستە داراییەکانی فەرمانبەران نییە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın