عێراق

بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رێورەسمی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) بەڕێوەناچێت

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وێرای پیرۆزباییکردن لە موسڵمانان بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لێ بێت) رایدەگەیەنێت کە بەھۆی رێکارە تەندروستییەکان رێورەسمی ئەم یادە بەڕێوەناچێت.

Heman Hussein Yaseen  | 28.10.2020 - نوێکردنەوە : 28.10.2020
بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رێورەسمی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) بەڕێوەناچێت

Arbil

ھەولێر - AA

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وێرای پیرۆزباییکردن لە موسڵمانان بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لێ بێت) رایدەگەیەنێت کە بەھۆی رێکارە تەندروستییەکان رێورەسمی ئەم یادە بەڕێوەناچێت و ئیدانەی ھەر سووکایەتییکردنێک دەکات کە بۆسەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئەنجام بدرێت.

لە راگەیاندراوەکەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان دا هاتووە "لەگەڵ ھاتنەوەی مانگی مەولوود دا، لەناخی دڵمانەوە پیرۆزبایی گەرممان ئاراستەی سەرجەم موسڵمانان بەگشتی ‌و کوردستانیان بە تایبەتی دەکەین، ھەزاران درود و سڵاویش بۆ گیانی پاکی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەنێرین کە بووە مایەی رەحمەت بۆ ھەموو دونیا و مرۆڤایەتی بەگشتی".

ئەوەشخراوەتەڕوو کە ئەم یادە بۆ جیھان ‌و بەتایبەت گەلی کورد، پێگە و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، ساڵانە لەگەڵ ھاتنەوەی ئەم مانگە خەڵک بەجۆش و خرۆشەوە، بەخێر و ئاھەنگ ‌و خوێندنەوەی مەولود و سەڵا‌وات، پێشوازی یادی مەولودی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەکەن کە ئەمە بەڵگەی وەفاداری ‌و پابەندی و سۆزی پڕ لە خۆشەویستی خەڵکی کوردی موسڵمانە بەرامبەر بە پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت).

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە رێکارە تەندروستییەکان کراوە بۆ ئەنجامنەدانی رێورەسمی تایبەت بەم یادە و تیاییدا ھاتووە "بەداخەوە ئەمساڵ بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ناتوانرێت بەشێوەی رێوڕەسم وەک ساڵانی رابردوو ئەم یادە بکرێتەوە، بەڵام دڵنیاین ئەم یادکردنە گەورەیی ‌و خۆشەویستی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لەناو دڵی موسڵمانان بەرزترو گەورەتر دەکات".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی ئیدانەی ھەر جۆرە سووکایەتییکردنێک بە ئایینی ئیسلام کراوە تیاییدا ھاتووە "ھەموو جۆرە سووکایەتی ‌و کردارێکی بێ رێزی بەرامبەر سەرجەم پێغەمبەران (درودی خوایان لەسەر بێت) بەگشتی و پێغەمبەری خۆشەویستمان بە تایبەتی رەتدەکەینەوە و بەتوندی ئیدانەی دەکەین، پێمان وایە ئەو جۆرە ھەنگاوانە پێچەوانەی بەھا ئایینی ‌و ئەخلاقی ‌و کۆمەڵایەتی ‌و یاسا نێوەدەوڵەتیەکانە و لە خزمەتی پرۆسەی ئاشتی جیھانی ‌و سەقامگیری گەلان و پێکەوەژیان نییە و کاردانەوەی خراپ ‌و توندڕەوی جۆراوجۆر بەدوای خۆیدا دێنێت".

لە کۆتاییشدا ئەوەخراوەتەڕوو کە لەگەڵ ئەو یادە پیرۆزەدا لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵبدەینەوە و وەک ئەرکێکی ئیسلامی و ئینسانی بایەخی زیاتر و ھەنگاوی باشتر بەرەو نزیکبوونەوە لە جێبەجێکردنی فەرمایشتەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بدەین و ئاکار و رەوشتە بەرزەکانی لە ھەڵسوکەوتی خۆمان بەرجەستە بکەین، گرنگە زانستیانە و زیاتر پەیامەکانی ئەو زاتە بۆ خەڵک شیبکەینەوە و لێبوردەیی ‌و مەرحەمەت ‌و بەخشندەیی ئیسلام ‌و پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) پیشان بدەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın