Hemin Hüseyin
11 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2016
هەولێر - AA
بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد) دروودی خوای لەسەر بێت، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە شار و شارۆچکەکان چەند چالاکییەکیان ئەنجام دا و لە شاری هەولێریش موسوڵمانان بە شێوەیەکی فراوان روویان لەناو شار کرد و چەند چالاکییەکییان ئەنجام دا.
وەک ھەموو ساڵێک ئاھەنگەکانی رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام لە سەرتاسەری ھەرێم بەرێوە دەچێت و ئایینەکانی دیکەش رێز لەو رۆژە دەگرن و مەسیحییەکان و ئێزدیەکانیش لەم رۆژەدا پیرۆزبایی لە موسوڵمانان دەکەن و بەشداری رێورەسم و ئاھەنگەکانی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر دەکەن.
هەر لەم بۆنەیەدا بە رازاندنەوەی بازار و مزگەوتەکان و دابەشکردنی خواردن و شرینی بەسەر خەڵک پێشوازیەکی گەرم لەو رۆژە دەکرێت و مامۆستایەکی ئایینی ئاماژە بەوە دەکات کە لەم رۆژەدا پێویستە موسوڵمانان بیر و باوەڕی خۆیان بۆ ئایینی ئیسلام دووپاتبکەنەوە و هەوڵبدەن بە گیانی تەبایی و لێبوردەیی مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن و رێز لە ئایینەکانی دیکەش بگرن.
مامۆستای ئایینی، مەلا سابیر ساڵح حوسێن لەناو ئاپۆڕەی موسوڵمانان و لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری موسوڵمانانە دروودی خوای لەسەر بێت و موسوڵمانان لەم رۆژەدا دڵخۆش دەبن و حەز بە نزیکبوونەوە دەکەن و سەردانی یەکتر دەکەن و یادی خودا دەکەنەوە هاوکات هەژارەکان بەسەر دەکەنەوە، لەلایەکی دیکەوە بەشی هەرە زۆری موسوڵمانان لەم رۆژەدا بەخۆیاندا دەچنەوە و تەوبە دەکەن و روو لە ئایینی خودا دەکەنەوە، هیوادارین بەخۆداچوونەوەیەکی جیددی هەبێت".
ئەو مامۆستایە لەم بۆنەیەدا ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە لەم رۆژەدا بەڵێن بۆ ئایینی موسوڵمانان دووپاتبکەینەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "پەیامی ئێمە بۆ ئەم رۆژە برایەتی و تەباییە و گەڕانەوەیە بۆ لای ئایینی خودا و ئاشتبوونەوەی ناکۆکییەکانە لەسەر هەموو ئاستەکان، داوا لە خوای گەورە دەکەین کە خۆشەویستی بخاتە دڵی هەموو لایەک و داوا دەکەین کە دوارۆژی ئێمە و ئەم میلـلـەتە پڕ خێر و بەرەکەت بێت".
جێی ئاماژەیە ساڵانە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد) دروودی خوای لەسەر بێت دەبێتە پشووی فەرمیی لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکان و ئەمساڵیش بەم بۆنەوەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەدەوە دروودی خوای لەسەر بێت، گەرمترین پیرۆزبایی لە تەواوی موسوڵمانانی کوردستان و عێراق و جیھان دەکەین و بەم بۆنەیەشەوە رایدەگەیەنین کە لەم رۆژەدا لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە پشووی فەرمیی".