Rawan Subhi Obaiullah
07 تشرینی یەکەم 2025•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2025
دهۆک - AA
بە ئامادەبوونی پەیرەوانانی ئێزدی لە سەرانسەری جیهانەوە، یەکەم ڕۆژی جەژنی جەما لە پەرستگای لالش بەڕێوەچوو.
جەژنی جەما بە واتای کۆبوونەوە دێت و لە ٦ی مانگی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات و ماوەی حەفت ڕۆژ دەخایەنێت. لەو ماوەیەدا چەند ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت کە تیایدا پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی لە سەرتاسەری جیھانەوە ڕوو دەکەنە لالش و بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا دەکەن.
ڕێوڕەسمەکانی جەژنی جەما لە ئایینی ئێزدی و باوەڕی ئیزدییەکاندا ھاوتای حەجە لە ئایینی ئیسلامدا و ھاوشیوەی ئاوی زەمزەم ئێزدییەکان ئاوی کەلۆک لە کانی سپی بە پیرۆز دەزانن.
ئەمساڵیش ژمارەیەكی زۆر لە پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یەكەم ڕۆژی جەژنەکەیاندا كرد.
مەروان داود یەكێك لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمی جەژنی جەما بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جەژنی جەما یەکێکە لە جەژنە هەرە پیرۆزەكانی کوردانی ئێزدی، ئەم جەژنە لە ٦ی تشرینی یەکەم دەست پێ دەکات و ماوەی حەوت ڕۆژ دەخایەنێت، چەندین ڕێوڕەسمی ئایینی کوردانی ئێزدی لەم جەژنەدا بەڕێوەدەچێت کە پەیڕەوانی ئەو ئایینە بۆ ئەو جەژنە لە سەرتاسەری جیهانەوە ڕوو لە پەرستگەی لالش دەکەن، هەروەها چەندین میدیای نێودەوڵەتی دێنە لالش و ڕووماڵی ڕێوڕەسمەکان دەكەن. پێمانخۆشە میدیا نێودەوڵەتییەكان وێنەی ڕاستەقینە و دروستی ئێزدییەكان پێشانی جیهان بدەن كە ئێزدی كۆمەڵگایەكی ئاشتیخواز و مرۆڤدوستن، سەرەڕای هەموو ئەو مەینەتیانەی بەسەر ئێزدییەكان هێندراوە".
خنسێ خەلەف ژنێكی ٥٥ ساڵە و لە شنگالەوە هاتووە بۆ ئەوەی بەشداری لە ڕێوڕەسمی جەژنی جەمادا بكات. ئەو ئەم جەژنە لە بابەشێخ و ئەنجوومەنی ڕۆحانی پیرۆز دەكات و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ خۆشحاڵم كە چەندین ئێزدی لە ئەورووپا و جیهانەوە هاتوونەتە ئێرە. جەژنێكی خۆشە، ئاواتەخوازین هەر ساڵ ئەم جەژنە بە خۆشی دەرباز ببێت. داواكارین ڕفێندراوانی ئێزدیش ڕزگار بكرێن و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئێزدییەكان هەبیت و هاوكاری ئێزدییەكان بكرێت".
مەیادە حەیدەر کچێکى ئێزدییە و بە جلوبەرگی ڕەسەنی خۆیان بەشداری لە ڕێوڕەسمی جەژنی جەمادا كردووە. ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەستێكی زۆر خۆشە ئەمڕۆ من لێرەم و جلوبەرگی ڕەسەنی ژنانی ئێزدیم لەبەركردووە، بە تایبەتیش كە جلوبەرگی چیای شنگالم لەبەركردووە. ئێمە وەكو ژنانی ئێزدی كە دێینە ئەم ڕێوڕەسمانە، دەبێت جلوبەرگی ڕەنگی سپی لەبەر بكەین، چونكە ڕەنگی سپی ڕەنگی ئاشتی و ڤیان و یەكگرتنە".