بەرھەم ساڵح: "پەلامارە تیرۆریستییەکەی دیالە ھەوڵێکە بۆ شڵەژاندنی سەقامگیری عێراق"
- سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح: "پەلامارە تیرۆریستییەکەی سەر کەسوکارمان لە دیالە، ھەوڵێکی ترسنۆکانەیە بۆ شڵەژاندنی سەقامگیریی عێراق".
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند، ئەو پەلامارە تیرۆریستییەی کە شەوی رابردوو لە پارێزگای دیالە ئەنجامدرا، ھەوڵێکی ترسنۆکانەیە بۆ شڵەژاندنی سەقامگیریی عێراق.
بەرھەم ساڵح لەبارەی پەلامارە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردووی داعش لە سنووری قەزای میقدادییە (شارەبان) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "پەلامارە تیرۆریستییەکەی سەر کەسوکارمان لە دیالە، ھەوڵێکی ترسنۆکانەیە بۆ شڵەژاندنی سەقامگیریی وڵات".
سەرکۆماری عێراق راشیگەیاندووە "پەلامارە تیرۆریستییەکە، گرنگی یەکڕیزی و پاڵپشتیکردن لە ھێزە ئەمنییەکان و پڕکردنەوەی بۆشاییەکانمان وەبیردەھێنێتەوە، جگە لەوەیش نابێت مەترسی داعش بە کەم سەیر بکرێت".
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوەیشداوە کە گرنگە هێزە ئەمنییەکان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە، بە ئامانجی کۆتایی ھێنان بە پاشماوەکانی داعش لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق.
شەوی رابردوو ژمارەیەک تیرۆریستی داعش ھێرشیان کردە سەر گوندی رەشاد سەربە قەزای مقدادییە (شارەبان) باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگای دیالە و لە ئاکامدا، ١١ کەس کوژران و ١٥ی دیکەیش برینداربوون.