Zana Natık Kerem
03 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند کە ھەڵبژاردنەکانی تشرین، چارەنووسسازە و دەبێت بە خاڵی وەرچەرخان لە عێراق.
بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ چوارشەممە، بە یاوەری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت سەردانی بارەگای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی کرد.
بەپێی میدیا عێراقییەکان لە میانی سەردانەکەی سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح بۆ بارەگای کۆمیسیۆن، بۆ دوایین جار ئامێرەکانی دەنگدان تاقیکرانەتەوە.
دواتر بەرھەم ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "ستایشی رۆڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و رۆڵی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەین بۆ پاڵپشتیکردنیان لە کۆمیسیۆن".
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە ھەڵبژاردنەکانی تشرین، چارەنووسسازە و دەبێت بە خاڵی وەرچەرخان لە عێراق و گوتی: "کۆمیسیۆن و ھێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی تایبەتیان گرتووەتەبەر بە ئامانجی بەرگرتن لە ساختەکاری و یارییکردن بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان".
بەرھەم ساڵح گوتیشی: "رۆژی دەنگدان، دەبێت بە ئاھەنگی نیشتمانیی و دەرفەتێک بۆ چەسپاندنی ئیرادەی نیشتمانیی عێراق، هەروەها ھەنگاونان بەرەو چاکسازیی".
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، جەلیل عەدنان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند کە دەنگی عێراقییەکان، ئەمانەتێکی گەورەیە و ئاماژەی بەوەیش دا کە پڕۆسەکانی تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان، راستی پڕۆسەکەی بۆ ھاووڵاتییان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەرخست.
ھەروەھا جەلیل عەدنان ستایشی رۆڵی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق کرد لە پاڵپشتیکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند کە ھەڵبژاردنەکانی تشرین، جیاواز دەبێت لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا.