عێراق

باوکی جووتیار: "کوڕەکەم لە لایەن پەکەکە رفێندرا و شەهید کرا"

- باوکی جووتیار، موحسین حسێن سیاری کە لەگەڵ ١٣ هاووڵاتی دیکەی تورک لە چیای گارە لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەوە، شەهید کران، دەڵێت، کوڕەکەی لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەوە رفێندراوە و کوژراوە.

Aras Huseyin  | 23.02.2021 - نوێکردنەوە : 25.02.2021
باوکی جووتیار: "کوڕەکەم لە لایەن پەکەکە رفێندرا و شەهید کرا"

Arbil

دهۆک - AA

دوای کوژرانی ھاووڵاتی هەرێمی کوردستان، جووتیار موحسین حسێن و ١٣ ھاووڵاتی تورکیا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەوە، تەرمی جووتیار لە پارێزگای مالاتیای تورکیاوە گەڕێندرایەوە ھەرێمی کوردستان و لە گۆڕستانی شاخکێ لە شاری دھۆک بەخاک سپێردرا، کەسوکاری جووتیار چیرۆکی رفاندنی کوڕەکەیان لەلایەن پەکەکەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەگێڕنەوە.

باوکی جووتیار، موحسین حسێن سیاری دەڵێت، کوڕەکەی لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەوە رفێندراوە و کوژراوە.

موحسین حسێن سیاری لەسەر گۆڕی کوڕەکەی لە گۆڕستانی شاخکێ گوتی: "داوا لە خوا دەکەم کە مافی کوڕەکەم نەخوردرێت و خوێنەکەی بەفیڕۆ نەڕووات و ھەرکەسێک بووەتە ھۆی ئەوەی کوڕەکەی من شەھید ببێت خوا حەقی ئێمەی لێ بسەنێت".

گوتیشی: "تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ کوڕەکەم کە سیخوڕی کردووە، کوڕەکەم کاتێک رفێنرا تەنها پێنچ ھەزار دینار لە گیرفانیدا بوو، کوڕەکەم ھی ئەوە نەبوو کە سیخوڕی بکات و حەقی بەو کارانە نەبوو، کوڕەکەم ھەڵخەلەتێنرا و دواتر رفێنرا تا کوژرا، داوا دەکەم خوێنەکەی بەفیڕۆ نەڕوات".

ئاموزای جووتیار بەناوی رەمەزان سیاری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ٢٩/١/٢٠٢٠دا، جووتیاری ئامۆزام لەلایەن پەکەکەوە بەبیانووی ئەوەی کە دەستی لەگەل میتی تورکیادا ھەیە رفێنرا، رفاندنەکەی جووتیار لە ناحیەی چەمانکێ سەربە قەزای ئامێدی بووە کە لەلایەن پەکەکەوە جووتیار ھەڵخەلەتێنرا و برایە شوێنک و دواتر شوێنبزریان کرد، پاشان خەبەرمان بۆ ھات کە لەلایەن پەکەکەوە رفێنراوە".

رامەزان سیاری باسی لە ھەوڵەکانی ماڵباتەکەی بۆ رزگارکردنی جووتیار لە دەستی پەکەکە کرد و گوتی: "ھەوڵی زۆرمان دا لە رێگای رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە و لە رێگای حکوومەت و حزب و چەندین لایەنەوە کە قسە لەگەڵ پەکەکە بکەن و جووتیار رزگار بکەن، بەڵام بێ سوود بوو، پەکەکە ھەموو کاتێک دەیگوت ئەمڕۆ یان سبەی کوڕەکەتان ئازاد دەکەین، بەڵام ھیچ خەبەری نەبوو، تا رادەیەکی زۆر بێ ھیوا بووین و خۆپیشاندانێکمان رێکخست لە ناحیەی چەمانکێ و داوای ئازادکردنی جووتیار مان کرد، بەڵام ئەوەش ھەر بێ سوود بوو و پەکەکە ئازادی نەدەکرد تا رۆژی ١٠/٢/٢٠٢١ خەبەرمان بۆ ھات کە لە ئوپەراسیونێکدا لە چیای گارە لەگەڵ ١٣ کەسی دیکە، کوژراوە".

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "پەکەکە تۆمەتی سیخوڕیکردنی دابووە پاڵ جووتیار، بەڵام جووتیار بەھیچ شێوەیەک ئەو کەسە نەبووە کە سیخوڕی بکات، چونکە ئەو نەخوێندەوار بوو، کەسێکی کاسبکار بوو و پەیوەندی بە شەڕ و سیاسەتەوە نەبوو و تەندروستیشی زۆر جێگیر نەبوو و کێشەی تەندروستیشی ھەبوو، بۆیە ئێمە بە ھەموو شێوەیەک ئەو تۆمەتانەی پەکەکە رەتدەکەینە و داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەین کە مافی جووتیار نەخورێت و خوێنەکەی بەفیڕۆ نەڕوات".

لەلایەن خۆیەوە مامی جووتیار قسەی بو میدیاکان کرد و گلەیی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان کرد کە ھاوکاری ئەوانیان نەکردووە بۆ هێنانەوەی تەرمی جووتیار و گوتی: "ھیچ لایەنێک و ھیچ کەسێک ھاوکاری ئێمەی نەکرد لە هێنانەوەی تەرمی کوڕەکەمان ھەر لە ئیبراھیم خەلیلەوە و تا لە گوڕستانی شاخکێ بە خاکمان سپارد، ھیچ بەرپرسێک بەشداری لەگەڵ ئێمە نەکرد، تەنها ئەوە نەبێت کە دەوڵەتی تورکیا تەرمەکەی جووتیاری لە مالاتیاوە ھێنایە ئیبراھیم خەلیل و دواتر ئێمە لەسەر حیسابی خۆمان ھەموو ئیشوکارەکانمان بەرێکرد".

جووتیار موحسین حسێن سیاری لە رۆژی ٢٩/١/٢٠٢٠ لەلایەن پەکەکەوە لە ناحیەی چەمانکێ رفێنرا و لە رۆژی ١٠/٢/٢٠٢١ لەگەڵ ١٣ ھاووڵاتی تورکیا لە چیای گارە سەربە پارێزگای دھۆک کوژران و رۆژی ٢٢/٢/٢٠٢١ لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە تەرمی جووتیار رادەستی کەسوکاری کرا و لە گۆڕستانی شاخکێ لە شاری دھۆک لەلایەن کەسوکارییەوە بە خاکسپێردرا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın