هەولێر – AA
لە کۆتایی مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٩دا، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند کە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا چەندین کۆبوونەوە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەنجامدراوە. لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو، وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا رەشید پێشبینی دەکات کە بەهۆی بارودۆخ و خۆپێشاندانەکانی عێراقەوە، پڕۆسەکە بکەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو.
ئاژانسی ئانادۆڵو: بڕیار وایە مانگی ١٠ی ئەمساڵ پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق بەڕێوەبچێت، ئەم پڕۆسەیە چۆنە و چۆن بەڕێوەدەچێت؟
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا رەشید: "باوەڕ ناکەم مانگی ١٠ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت بەهۆی ئەوەی ئەو ئامادەکارییانەی کە پێویستە بکرێن، هەندێکی کراوە و خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق پڕۆسەکەی دواخستووە، چونکە سەرەتا چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا و دواتر بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە کۆبوونەوەکان وەستا و ئێستا دەستی پێکردووەتەوە، هیوادارین بتوانین لە ساڵی ٢٠٢٠ پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام باوەڕم وایە پڕۆسەکە بکەوێتە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو".
ئاژانسی ئانادۆڵو: راپۆرتێک لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئامادەکراوە، پوختەی راپۆڕتەکە چییە؟
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا رەشید: "لە دوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری پلاندانانی عێراق، مەترسییەکانی ئەو سەرژمێرییەمان خستەڕوو لەسەر کورد، تورکمان و کریستیان و نەتەوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە پێی دەڵێن ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، چونکە پێشووتر ئەزموونێکی تاڵمان هەیە لەسەر پڕۆسەی سەرژمێریی، ئەگەر بگەڕێینەوە مێژووی سەرژمێرییەکان لە ساڵی ١٩٢٧ تا ساڵی ١٩٨٧ بە گشتی، سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ زیاتر کاری پێ دەکرێت، دەبینین ئەوکات لە شارێکی وەکو کەرکووک رێژەی کورد لە سەرووی سەدا ٥٠ بووە، تورکمان لەسەدا ٢٣ بووە، عەرەبە رەسەنەکان سەدا ٢٦ بوون و پێکهاتەکانی دیکەش رێژەیەکی دیکەیان هەبووە، ئەگەر سەیر بکەین لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ تا ئەو سەرژمێرییەی ساڵی ١٩٩٧ کە بەبێ هەرێمی کوردستان پڕۆسەی سەرژمێریی ئەنجامدرا، دەبینین رێژەی کورد دابەزیووە بۆ سەدا ٢٠ و رێژەی تورکمان لەسەدا ٢٣ بووەتە سەدا ٦،٦ و لەبەرامبەردا رێژەی عەرەب بووەتە سەدا ٧٢ بۆیە هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن پڕۆسەی سەرژمێریی زیاتر سیاسیی بووە".
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێتان وایە ئەمجارە پڕۆسەکە بە سیاسیی ناکرێت؟
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا رەشید: "ئەمجارە دروشمی سەرژمێرییەکە، پەرەپێدانە، دوایین کۆبوونەوە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەتی کردبوو بەم بابەتە، ئەوا هەموو مەترسییەکانمان پێ گوتن چونکە ئەمە بەرپرسیارییەتی مێژووییە، ئەوەی کە باسمان کردووە ئەوەیە کە ئالییەتێک بدۆزینەوە کە سەرژمێریی ئەنجام بدرێت، ناکرێت هەندێک بابەتی سیاسیی تێکەڵ بکرێت، پێویستە دەریچەیەک بدۆزینەوە کە سەرژمێریی لە هەموو شوێنێک ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تایبەتمەندییەکی پێ بدرێت لە بابەتی سەرژمێریی بەجۆرێک کە ئەوانەی خەڵکی رەسەنی ئەو شوێنانەن لەسەر شوێنەکانیان ناونووس بکرێن، ئەوانەیشی کە بە پڕۆسەی تەعریب یان لەبەر بارودۆخی ئەمنیی هاتوونە ناوچەکە ئەوانیش لەسەر شوێنی خۆیان ناونووس بکرێن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: لەسەر چ بنەمایەک خەڵکی ناوچەکان لەیەکتر جیا دەکرێنەوە؟
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا رەشید: "چەند سیناریۆیەک هەیە لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ یان وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بەڵگەنامەیان هەیە، بۆ نموونە ئەوەی خەڵکی چ ناوچەیەک بووە ئەوا لە ناسنامەکەی شوێنی لەدایکبوونی هەیە و ئەگەر نیەتێک هەبێت ئەوا هەموو داتایەکمان لەبەردەستە و دەتواندرێت پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت و مافی هەموویان پارێزراو بێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: جگە لە هەڵوێستی کورد، هەڵوێستی پێکهاتەکان چۆنە، بە تایبەت ئێوە چەند جارێک کۆبوونەوەتان لەگەڵ پێکهاتەکان هەبووە، بۆچوونی ئەوان لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق چییە؟
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا رەشید: "ئێمە بەرگریکارێکی هەموو پێکهاتەکانین بە تورکمان و مەسیحییەکانیش، چونکە ئەوانیش پێیانوایە کە ئەو هێزەی کورد هەیەتی، ئەوان نیانە و ئێمە دەتوانین بەرگرییان لێ بکەین، چونکە لە رژێمەکانی پێشووتر هەر تەنها کورد زوڵمی لێ نەکراوە، بەڵکو نەتەوەکانی دیکەی وەک تورکمان، مەسیحی، ئەرمەن و بەشێک لە عەرەبە رەسەنەکانی شوێنەکانیش زوڵمیان لێکراوە، پێکهاتەی مەسیحییەکان بۆچوونێکی تایبەتییان هەیە، چونکە ئەوان زیاتر لە دەشتی نەینەوا و لە مووسڵن و لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق، مەسیحییەکان لەو ناوچانە هەڕەشەیەکی مەرسیداریان لەسەر بوو بەتایبەت دوای پەلاماردانی داعش بۆ ناوچەکانیان، دەتوانم بڵێم ئێستا لە هەموو شاری مووسڵ یەک مەسیحی لێ نەبێت، جا ئەوانە یان لە هەرێمی کوردستان دەژین یان چوونەتە دەرەوەی وڵات، بۆیە ناکرێت ئێستا سەرژمێریی بەدەر لە برا مەسیحیەکان لە مووسڵ ئەنجام بدرێت، پێکهاتەکان هەموویان بۆچوونیان لەگەڵ ئێمەیە و ئێمەش خۆمان بە بەرگریکاری ئەوان دەزانین".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئایا حکوومەتی عێراق هیچ بوودجەیەکی بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە (سەرژمێریی گشتیی) تەرخانکردووە؟
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا رەشید: "لە عێراق ساڵی ٢٠٢٠ تا ئێستا یاسای موازەنە دەرنەچووە و باوەڕ ناکەم دەرچێت، بۆیە پێناچێت بوودجەیەکی تایبەت هەبێت، بەڵام حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە بوودجەیەک بدات بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق و ژمارەکە بە تەواوی دیاریی نەکراوە چونکە لە دوایین کۆبوونەوەدا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوا لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق کراوە کە داوای بڕە پارەی پێویست بکات بۆ ئەوەی بوودجەیەکی تایبەتیان بۆ دابندرێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم پڕۆسەیەدا چی دەبێت؟
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا رەشید: "ئەوان چاودێر دەبن لسەر پڕۆسەی سەرژمێریی، ئێمەش پێمان خۆشە چونکە دەمانەوێت پڕۆسەکە بە شەفافی بەڕێوەبچێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەڵێنیان داوە کە لەگەڵمان دەبن، رەنگە پاڵپشتی تەکنیکیشمان بکەن، هەتا لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بەم پرۆسەیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەبوون و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیووە کە نزیکبوونەوەیەکی باش هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئێمەش پێمان وایە کە ئەنجامدانی پڕۆسەکە پێویستە، ئەوەشمان لەبیربێت کە لە ساڵی ٢٠٠٩ هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی تەواوکرابوو، بەڵام خەڵکێک هەبوو لە بەغدا پڕۆسەکەیان تێکدا و نەیانهێشت پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت ئەگەرنا عێراق دەیتوانی پلانی ستراتیجی هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێرییە دابڕێژێت، بەڵام بەداخەوە نەیانهێشت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: باسی ئەو سەرژمێرییەتان کرد کە بڕیابوو لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەنجام بدرێت، ئەو کات کێشەیەک لە فۆرمەکەدا هەبوو کە جگە لە نەتەوە و ئایین، جۆری مەزهەبیش دیاریکرابوو، ئایا لە سەرژمێرییەکەی ئەمجارەشدا هەمان کێشە هەیە یان دەستکاری ئەو خاڵە کراوە؟
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا رەشید: "بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە کە جیاکردنەوە نەبێت بە ئایین و مەزهەب و نەتەوە، بەڵام دەستووری عێراقی شتێکی ئارەزوومەندانەی بەجێهێشتووە، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە ئەگەر بمانەوێت پڕۆسەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدرێت، دەبێت هەموو شتێک روون بێت، تا بزاندرێت عێراق لە چەند نەتەوە پێکدێت و رێژەی نەتەوەکان چەندە، چونکە زۆرجار لە بەغدا پێمان دەڵێن ئێوە سەدا ١٧ی عێراق پێکناهێنن، بۆیەش بە بڕیارێکی سیاسیی ئەم رێژەیان کردە ١٢،٦ و بە داتای وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری عێراقی، کوردستانیان بە سەدا ١٤ داناوە، بەڵام لە بوودجە بە ١٢،٦یان داناوە، لە میزانییەی پارێزگاکان بە سەدا ١٤ جێگریان کردووە، واتا ناڕێکییەک هەیە و بە دەستنیشانکردنی نەتەوە، دەتواندرێت ئەو بابەتە چارەسەر بکات".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی عێراقن، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئایا مافی بەشداریکردنی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتییان هەیە؟
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا رەشید: "ناکرێت خەڵک لە دەرەوەی عێراق بن و ناونووس بکرێن، چونکە لە ئەنجامی سەرژمێرییەکە دەردەکەوێت کە بۆ نموونە ناوچەیەک چەند شەقام و ئاو و بنکەی تەندروستی و قوتابخانەی پێویستە، بۆیە ناکرێت کەسێک لێرە نەبێت و تۆ حیساباتی بۆ بکەیت، چونکە پێشتر داوا دەکرێت هەموو بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانییان بۆ ئەوەی ژمارەیەکی دروست هەبێت و ئەوکات بەدیار دەکەوێت کە عێراق لە کوێیە و هەرێمی کوردستان لە کوێیە، تیمەکانی سەرژمێرییەکە کاتێک دەگەڕێن، ناڵێن چەند کەسن بەڵکو دەڵێن چەند کەس لەو ماڵەدا دەژین، بۆیە ئەوانەی لە دەرەوەن دەتوانن بگەڕێنەوە، ئەوانەیشی کە بەبێ ویستی خۆیان زێدی خۆیان جێهێشتووە ئەوا پێویستە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بۆ نموونە خەڵکی کەرکووک کە دوای داگیرکردنی کەرکووک لەو شارە دەرچوونە بە ویستی خۆیان نەبووە، یان مەسیحییەکانی مووسڵ کە بە ویستی خۆیان نەبووە مووسڵیان جێهێشتووە، یان تورکمان هەبووە لە تەلەعفەر و ئێستا لە کەرکووک دەژیت و دەیەوێت بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، دەبێت ئەوانە هەموو بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی دروستمان دەست بکەوێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە کۆتاییدا، ئێوە دڵنیان کە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق ئەنجام دەدرێت؟
وەزیری پلاندانان لە هەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا رەشید: "ناتوانم دڵنیاتان بکەمەوە، بەڵام بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەگەر سەرژمێرییەکە بەمەبەستی پەرەپێدان بێت دوور لە مەبەستی سیاسیی بێت و نیەت هەبێت ئەو شوێنانەی کێشەی لەسەرە و مافی هاووڵاتییەکان پارێزراوبێت، دەتوانم بڵێم بە دڵنیایییەوە، پڕۆسەکە ئەنجام دەدرێت، ئەم هەفتەیە پرسەکە دەبەینە ئەنجوومەنی وەزیران، چونکە دوای ئەنجامی پرۆسەکە بەدیار دەکەوێت کورد چەندە و پێویست ناکات لە بەغدا رێژکەمان بۆ دیاری بکرێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

